له‌ نه‌خۆشخانه‌یەکی چاره‌سه‌ری كۆرۆنا تووشی كۆرۆنا ده‌بن

كاتژمێر نیوه‌ شه‌وی تێپه‌ڕاندووه‌، یه‌كێك له‌ تووشبووه‌كانی كۆرۆنا هه‌موو شه‌وێ وه‌كو دكتۆرێكی ئیشیگگیر سه‌ر له‌ هه‌موو نه‌خۆشه‌كان ده‌دات به‌هۆی نه‌بوونی هیچ كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی له‌وێ!

نه‌خۆشێك باری ته‌ندروستی تێكده‌چێت، تا و له‌رزه‌ی ده‌گریت و تووشی كۆكه‌ و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ده‌بێت و به‌ ده‌نگێگی خنكاوی به‌رز ده‌ڵێت (به‌من ڕا بگه‌ن وا ده‌مرم)! كه‌چی كه‌س نییه‌ یارمه‌تی بدات. پێویسته‌ خۆی به‌خۆی ئامێری ئۆكسجین بۆ خۆی دابنێت و كه‌ نه‌خۆشێك بۆ هاوكاریكردنی په‌یوه‌ندی بۆ دكتۆر ده‌كات ده‌ڵێت (ئه‌و نه‌خۆشه‌ ناوی چییه‌؟ هه‌ست به‌ چ ده‌كات؟ .. باشه‌ دوای دێم.) و نه‌خۆش له‌ چاوه‌ڕوانیدا هیوای ده‌مرێت و دكتۆریش هه‌ر نایێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، كه‌سێك كاتژمێر 3 شه‌وێ گیانی له‌ده‌ستدا، كه‌چی ته‌رمه‌كه‌ی تا كاتژمێر 7 به‌یانی له‌ناو نه‌خۆشه‌كانی تر مابوو و كه‌س نزیكی نه‌ببوو! دکتۆرێک بە نەخۆشەکانی تری گوتبوو (خەتای مەبوو ئەوە مرد)!

گه‌نجێك له‌گه‌ڵ دایك و باوكی له‌به‌ر وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری له‌وێ بوون. هه‌ر یه‌كێكیان له‌ نهۆمێك بوو، دوای چه‌ند رۆژه‌ك گه‌نجه‌كه‌ ئاگاداركرا كه‌ باوكی كۆچی دوای كرد. هه‌فته‌یه‌ك پێناچێت و دووباره‌ ئه‌و گه‌نجه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ دایكی مرد! دەبێت دەروونی ئەم گەنجە لە چ ئاستێکی خراپ دا بێت؟

یه‌كه‌مجار كه‌ ده‌چییه‌ ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌دا، دكتۆرێك له‌گه‌ڵت دێت ته‌نها تاوه‌كو شوێنه‌كه‌ت پێ بڵێت و زه‌رفێكت ده‌داتێ كه‌ بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ ده‌رمانی تێدایه‌ و له‌سه‌ری دیاریكراوه‌ كه‌ چ كات و چۆن ده‌بێت ئه‌و ده‌رمانانه‌ به‌كاربێنی وئیتر دكتۆر نابیندرێت. به‌لكو هه‌موو به‌یانییه‌ك تاوه‌كو ئه‌ركی له‌سه‌ر شانی لابدات ده‌چێته‌ ناو نه‌خۆشه‌كان و ده‌پرسێت (چۆنن؟)! ئایا پیاوێکی بەتەمەن یاخۆد کەسێکی نەخوێندەوار یان تەنانەت کەسێک تەندروستی خراپ بێت دەبێت چی بکەن؟

لە ژوورێک، نەخۆشێک ئۆکسجینی داناوە، چونکە ناتوانێت هەناسە بدات لەبەر تێکچوونی باری تەندروستی. لەهەمان کاتدا نەخۆشێک لە تەنیشت وی خەریکی جگەرەکێشانە و دکتۆرەکانیش ئاگادارن!

نه‌خۆشه‌كان هه‌موو كات له‌ ژووره‌وه‌ن و ناتوانن بۆ چه‌ند چركه‌یه‌كیش بچنه‌ ده‌ره‌وه.‌ چونكه‌ ده‌رگایه‌كان به‌ زنجیر داخراون. ته‌نها له‌ كاتژمێر 6-8 نه‌بێت ده‌رگاكان ده‌بنه‌وه‌. ئه‌ویش تاوه‌كو نه‌خۆش هه‌ندێ كه‌لوپه‌ل وه‌رگرێت كه‌ بۆی نێردراون.

نەخۆشەک زیاتر لە هەفتەیەکە لەوێ خەوێندراوە و دەڵێت (لەوەتەی هاتیمە هیچ پشکنینێکی تر بۆمان نەکراوە و تا ئیستا نەمدیوە ژوورەکان تەعقیم بکرێن یان زبڵەکە هەڵبگیرێت. چونکە کەس سەرمان لێ نادات)! سەبارەت بە ئاو و خواردن ئەو نەخۆشە وتی کە داوای ئاوی زیاتر دەکەین بۆ خواردنەوە ناماندەنێ و دەڵێن (ناتاندەینێ چونکە چای پێی دروستدەکەن)! ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبێت شلەمەنی گەرم بخۆنەوە.

له‌ هه‌مووی گرنگتر له‌و شوێنه‌ كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری لێی وه‌ربگیرێت و هه‌میشه‌ له‌ ژێر چاودێری دابێت پاك و خاوێنییه‌. زبڵ و پاشماوه‌كانی نه‌خۆشه‌كان هه‌ر له‌ ده‌ورووبه‌ریان ده‌مێنێت. نه‌ شوێنه‌ك هه‌یه‌ لێی فڕێده‌ن نه‌وه‌ك كه‌سێك دێت هه‌ڵگریت. له‌ شوێنی دانیشتنی دكتۆره‌كانیش هه‌ر چی كه‌ره‌سته‌ و ئامێر هه‌یه‌ زۆر به‌ ناڕێكی و پیس له‌ عه‌ردینه‌. په‌رده‌ و به‌تانی له‌سه‌ر یه‌ك فڕێدراون، شاش و له‌فاف و ده‌مامك به‌ پیسی له‌سه‌ر مێزه‌كانن. كه‌ره‌سته‌ی نشته‌رگه‌ری له‌ناو قاپێك كه‌ مێش ومۆر له‌سه‌ری ده‌سوڕێن دانراون…هتد.

له‌ كۆتاییشدا باسی ته‌والێته‌كان ده‌كه‌م، كه‌ ده‌بێت له‌ لوتكه‌ی خاوێنی دا بن وهه‌ر كات به‌كارهێنرا یه‌كسه‌ر دواتر ته‌عقیم بكرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌م نه‌خۆشخانه‌ گه‌وره‌یه‌دا هیچ گرنگی به‌ ته‌والێته‌كان نه‌دراوه‌. وهیچ كات ته‌عقیم ناكرێن، ته‌نانه‌ت جێڵی ده‌ست شۆشتنیش له‌وێ نییه‌ و هه‌موو نه‌خۆشه‌كان به‌ سابوونێكی ره‌قی نۆرمال ده‌سته‌كانی خۆیان ده‌شۆن و هه‌روه‌كو هیچ كات تووشی كۆرۆنا نه‌بووبن.

هه‌موو ئه‌م شتانه‌ و زیاتریش له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بیندرێت و ده‌بیسترێت، وبه‌ به‌رده‌وامیی ئه‌و كریارانه‌ هیچ كه‌س له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نابێت و هه‌میشه‌ له‌ ترسی هه‌بوونی ده‌ناڵێین. له‌هه‌مان كاتدا كه‌ به‌ نه‌خۆشه‌كان گوتراوه‌ (10 رۆژی خۆتان ته‌واو بكه‌ن و بڕۆن و پێویست به‌ هیچ پشكنینێكی تر ناكات)! كه‌واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌ربچێت گه‌ره‌نتی نییه‌ ئایا هێشتا هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌یه‌ یان نا. لێره‌ش پرسیار دروست ده‌بێت كه‌ ده‌كرێت راگه‌یاندن ئه‌م ڤایرۆسه‌ بچووكه‌ی گه‌وره‌ كردبێت وخۆی ته‌نها وه‌كو په‌رسیوێكه‌؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ش ئاسانه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشه‌ی هه‌ر چی وڵاتی ده‌ورووبه‌ری خۆمان بكه‌ین و ئه‌وكات ده‌زانین كه‌ كۆرۆنا په‌تایێكی جیهانییه‌ و زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كانی ژیانی رایگرتووه‌، و ئه‌و ژمارانه‌ی هه‌موو رۆژێ ده‌بیسترێن ته‌نها ژماره‌ نینن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ كه‌سانێك بوون بوونه‌ته‌ زه‌نگێك بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ده‌ورووبه‌ری خۆیان به‌و مه‌ترسییه‌ی كه‌ تێیدانه‌. و پرسیاری بێ وه‌ڵام ده‌مێنێت ئایا به‌ڕێوه‌به‌ر و وه‌زیری ته‌ندروستی له‌م كریارانه‌ ئاگادارن؟

  • (گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Related posts

Leave a Comment