هەندێ مرۆڤ هەن هەمیشە برسین وەک بڵێی بەدرێژایی تەمەن هیچیان نەخواردبێ. هەمیشە برسین و دەشێ لە دەرەوە مرۆڤانێک بن بدرەوشێنەوە و رەنگ بدەنەوە، وەلی لەناوەوەی خۆیان هیچ کات ناڵێن ئۆخەی تێربووم و ئەوەی ویستم کردم. ئا ئەم جۆرە مرۆڤانە دەبن بە زۆر شت، دەبن بە نووسەر، دەبن بە هوونەرمەند و شاعیر، دەبن بە دیزاینەر و فرۆکەوان، دەبن بە خوێنەری هەزاران کتێب. هەمیشە راکە راکەیانە بەدوایی تێربوون و بەدوایی پڕکردنەوەی فەراغە رووحیەکەی خۆیانەوەن. هەموو کارێک دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی کەمێک فراغە رووحیەکەی خۆیان پڕ بکەنەوە. وەلی لە هەر جارێ ئەم فەراغە قوڵتر دەبێ. لەمێژەوەیە ئەم برسیەتییە زۆر بە خراپی تووشم بووە و نازانم ئیتر کەی بوو لە تەمەنی ١٤ ساڵیم بوو یان ئێوارەیێکی ١٦ساڵی. نازانم شەو بوو یان رۆژ، نازانم چۆن ئەم برسیەتیە نامێنی و نازانم ئەم برسیەتیە بەرەو کوێم دەبات و چیم لێ دەکات؟!
لە دوایی خوێندنەوەی هەر کتێبێک و وشەیێک ئەم برینە قوڵتر دەبوو. وەلی ئەوەی دەيزانم ئەوەیە ئەم برینە لەدەرەوە دەمدرەوشێنێتەوە. وەك پەلکە زێرینە، ئەو کاتەیی تووشی ئەم برسیەتیە بووم وەک ئەو ژنانەی لەنێو مەرقەدەکان دەستم بەرز کردەوەو و پارامەوە؛ ئیلاهی ئەو برسیەتیەی تووشی منت کرد تووشی کەسانی تری نەکەیت؟ هەر دەست لە ئاسمان و لە خودا دەپارامەوە؛ ئیلاهی ئیلاهی هەر کە چاوەکانی خۆم کردەوە و سەیری دەوروبەرم کرد، سەیرم کرد نیوەی کەسەکان تووشی ئەم برسیەتیە بوونە. راکە راکەیانە بەدوای گەران لەم لا رادەکەن بۆ ئەم لا. دەڵێن بەشکەم ئەمە خۆراکەکە بێت نا ئەمە نا دەشێ ئەمە بێت؟! وەلی با شتێک بڵێم لێرە زۆر بەئەستەمی دەگەیت بەو خۆراکە، لێرە وەک ئەو باڵندەیەمان لێ هاتووە کە لە ناوەراستی ئاسماندا گیری خواردوە و نازانێ چی بکا؟
وەک ئەو رێبوارە واین کە لە ناوەراستی بیاباندا وەستاوە و نازانێ ئاراستەکەیی بەرەو کوێ ببات، ئیتر ئێرەش وایە?! مرۆڤ نازانێ چی بکا و لە کوێ ئەگەر کەمێکیش بێ لەو خۆراکە بدۆزێتەوە. بەڵام ئەم جۆرە مرۆڤانە بە هەر شێوەیێک بێ رێگایێک دەدۆزنەوە بۆ خۆیان. ئەو کارە دەکەن بۆ تێرکردنی رۆحی خۆیان. هەموو رێگا و هەوراز و نشێویێک دەگرنە بەر. ئەوەی دەمەوێت بڵێم ئەوەیە کە هەم لایەنی حکوومەت و هەم لایەنی کۆمەڵگا چینی گەنجان و پەروەردە زۆر پشتگوێخراوە. بە داخەوە گەنجەکانمان بەر لەوەی چرۆیی تەمەنیان خونچە بکات، هەلوەری چ زۆرن ئەوانەی مەحروومی هەموو شتێکمان دەکەن و دەشڵێن فەرموون بژین؟!
پێویستە دایک و باوکان و خێزان هاندەری سەرەکی مندالەکانیان بن بۆ گەیشتنیان بەو شوێنەی دەیانهەوێت. ئەو کاتەی خێزان لە پشت مندالەکانیانن دەبن، متمانە بەخۆبوون دروست دەبێ. متمانە بەخۆبوونیش بریتییە لە هێزی کەسیەتی. پێویستە هەلی کار زیاتر بکرێ و کردنەوەی خولی فێرکردن، پشتگیریکردن و هاندانی بەهرەکانیان. ئەسلەن دەبێ بەر لە چرۆکردنیان سەرکەوتوویان بکەین، پێویستیان بە لایەنی هاندانی مەعنەوی زیاترە لە ماددی. بێگومان ئەم کارەش خاوەن پلە، دەسەڵاتداران، سەرمایەداران، خاوەن میدیاکان و حکوومەت دەتووانن پشتگیری گەنجانمان بکەن. گەنجانی ئێمە هیچان کەمتر نییە لە گەنجانی ئەوروپا تەنیا ئەوان دەستی یەکتر دەگرن و هانی یەکتر دەدەن تا سەر دەکەون! هیوام وایە ئێمەش ئیتردەستی یەکتر بگرین و هانی یەکتر بدەین نەک یەکتر بشکێنین و یەکتر لە ناو بەین!
(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)