تکایە فریایی هەولێر کەون

ئاکام ئاکرەیی- قەزای خەبات

هیچ گومان لەوەدانیە کە کورد بەدرێژایی مێژوو میللەتێکە حەزی بەپێکەوە ژیانە، رێزی لە هەموو ئۆلو ئایدۆلۆژیایی جیاوازو نەتەوەیی جیاواز گرتووە، حەزی بەپێکەوە ژیان بووە. مێژوو گەواهی ئەوە دەدات گەر بە نموونە شاری هەولێر بهێنینەوە بەدرێژایی مێژوو هەولێر شاری پێکەوەژیان بوە بۆ دانیشتوانە رەسەنەکانی ئەم شارە کە پێک هاتبوون لە کورد- تورکمان- ئاشور- عەرەب..، کە تێیدا بەبرایەتی ژیاون وبێ کێشەیی نەتەوەیی ژیانیان بەسەر بردووە.

کورد بەگشتی و خەلکی شاری هەولێر بەوە ناسراون هەردەم دەرگایان والابووە بۆ لێقەوماوان و ئاوارەکان. رێز لە غەریبە دەگرن یاخود ئەو کەسەی کە سەردانی شارەکەیان دەکات. بەشێوازێکی جیاوازو رێزێکی زیاتر خزمەتی دەکەن و خەلکی هەولێر بەگشتی بە میواندۆست ناسراون. تائێرە کێشەمان نیە بەلام یەکێک لەو دیاردە خەتەرناکانەی بەم دوایانە لەشاری هەولێر سەری هەلداوە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاولاتیانی عەربی خەلکی باشوورو ناوەراستی عیراق. کە ئەم دیاردەیه لەدوایی ئازادکرنی عیراق زیادیکردووە بەهۆیی تێکچوونی سەقامگیری لەناوچەکانیان. بەلام ئایە ئەم هاتنە زۆرەی عەرەب بۆ شاری هەولێر بەرنامە بۆ دارێژراوە یاخود نا. نازانرێت تائێستا.

بەلام ئەوەی روونە لای زۆرێک لە خەلکی شاری هەولێر لێڕەو لەوێ گوێت لێ دەبێ بێزاریەکی زۆر دروست بوە لەلایان سەرجەم چینەکان ..گەنجان، بەسالاچوان، ئافرەتان کە تێیدا گڵەی گۆرینی سیمایی هەولێریانەی شارەکەیان دەکەن. گلەی ئەوەیان هەیە شارەکەیان بەعەرەبی کراوە لەدۆخێکی ئاسایی نییە هەمان تامی جارانی نەماوە. چونکە هەرکات دەچن بۆ هەر شوێنێک بەدەگمەن جلی کوڕدی دەبینن زیاتر جلی عەرەبی دەبینن. زیاتریش زمانی عەرەبیت گوێ لێ دەبێ زمانی شرینی کوردی خنکێنراوە لەو ناوەندە. لە زۆرێک لە فرۆشگاکان مارکێت و دوکانەکان بەعەرەبی قسە ئەکەن یاخود کوردە بە عەرەبی وەڵامی عەرەبەکان دەداتەوە.

ئێمە لەوە تێناگەین بۆچی خۆیان فێرە زمانی کوردی ناکەن. لێرەدا ئەمە نیشانەی پرسیارە؟ چونکە دەبینی کاتێک کەسێک ئاوارەی شوێنێک دەبێ دەبێ سەرەتا خۆیی فێری زمانی ئەو شوێنە بکات خۆیی بگونجێنێ لەگەل داب نەریتی ئەم شارە نەک داب و نەریتی شارو زمان ئەوان بکەونە ژێر رکێڤی ئەو. لێرە پێچەوانە بوەتەوە ناحەقیشیان نییە ئەوەی بیەوێ وەک ئەو دەکرێ، تەنانەت لەلای زۆرێک لەگەنجەکانی ئەم شارە دیاردەیەکی خەتەرناک سەری هەلداوە.. ئەویش هەستکردن بە جیاوازی کردن لەنێوانیان وپێشخستنی عەرەبەکان لە سەروان بەشێوەیەکی گشتی ئەوە هەست پێدەکرێت لەشوێنەکان.

لێرەدا ئەوەی هەستی پێ دەکرێت ئاوارەبوون نییە بەلکو گۆرینی زمان و کلتورو ئەدەب دیمۆگرافیا و تەنانەت هونەری شارەکەشە. دەچی بۆ هەر شوێنێک گۆرانی عەرەبی داگیرساوە تەنانەت هونەریش لەم شارە دەستێنەوە. زمانی کوردی کال دەکەنەوە. لێرەدا ئەوەی پێویستە بگوترێت لەدوایی بڕیاری بەناوکردنی خانو زەوی بەناویان ئەم دیاردەیە بۆتە دیاردەیەکی خەتەرناک و ترسناک لەسەر شارەکەو شوناس وسیماو کلتورو دابونەریتی ئەم شارە لەخەتەر دایه.

پێویستە هەرچی زووە دەسەلاتدارنی حکومەتی هەرێم بەدوواداچون بکەن بۆ ئەم دیاردەیە، خالە لاوازەکان بدۆزنەوە بەدەرکردنی یاسایەک سەبارەت بەمانەوەی ئاوارەو، سنوردارکردنی هاتنی ئەم ئاوارانەو دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەوەی دەبێ خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن و پێداچونەوە بەو یاسایەی کە مافی کرینی خانو زەوی دەدات بە ئاوارەکان. چونکە ئەم دیاردەیه لەتەشه نەدایە بەتەواوەتی هەستی پێ دەکرێت دیموگرافیایی شار وا دەگۆرێت هەروەکو پێشوتریش لە شاری   کەرکوک هەمان سیناریۆییان دووبارە کردەوە بەو هیوایی فریایی هەولێر بکەون

کۆمەڵناس*

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top