بنەما مرۆڤاتیەکان وەک رێزگرتن له بیرورای یەکتر و خۆشەیستنی یەکتر و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و نان بەشکردن لەگەڵ هەژاران و وەستانەوە دژی ستەم و نارەوایەتی و بەرەقەرارکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، بە غوڵامزانینی بەرپرس و هەتا دوایی. زۆر گرینگە مرۆڤ فێری ئەو بنەمایانە بێت، ئەو بنەمایانەش بە لەبەرکردن و نەقڵكردنی دەق جێبەجێ نابێ، بەڵکو بە پەروەردەکردنی ئەو دیوە فریشتەیەی لە ناخت دێتەدی کە لەهەمووکەسێکدا هەیە. گرنگ نییە مرۆڤ له “محمد یان لە عیسا، یان لە موسا، یان لە نیتچە، یان لە مارکس، یان لە گاندی و ماندیێلاو تەنانەت هیتلەریش” فێریان بێت، گرینگ ئەوەیە تۆش ببیتە یەکێک لەوانەی لەدوای خۆت کۆمەڵێ خەڵک فێری ئەو بنەمایە جوانانە بکەیت.
لێرەدا دەمەوێ بیلێم واز لەوە بێنن کێ بە چی و بە کام کەسایەتی و کام رێبازو ئایدۆلۆژیا کاریگەرە، گرینگ لە ناخیدا ئەو بنەما مرۆڤایەتیەیانە بەدی بکەی و هەستی پێبکەی، با سەرچاوەی فێربوونەکەی لای تۆ زێرابێکیش بێت، گەر تۆ هەزار شتی جوانت لە کەسێک نەبینی و رێک تەنها تیشک بخەیتە سەر سەرچاوەی فێربوونەکەی، کەواتە جیاوازی تۆ و نەخۆشێکی دەرونی و توندرەو چییە؟ با واز لە تۆمەتبارکردنی کەسایەتیەکان بێنین تازە ئەوان چوون هەرچیبن، گرینگ ئێمە چۆنین؟ وەرن با خۆمان و زیندووەکان دادگایی بکەین، واز لە دادگایی کەسایەتیە مێژوویەکان بێنین، تازە ئەوان هەرچیبن مردوون و هیچ کاریگەریان بۆ ژیانی ئێستامان نییە، هەڵە و خراپەکاریەکانی وەک وانە وەرگرتنێک نەبێت، بۆ هیچیتر شایەنی بیرلێکردنەوە نین. لای من جیاوازی ئاین و ئایدۆلۆژیا و نیشتیمان و گەل هیچ گرینگ نییە، تەنها بنەما مرۆڤایەتیەکان نەبێت کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە.