ھەرچەند رەخنە جێگای پەسندی رەخنەلێگیراو نییە و ھیچ کەسێک حەز بەوە ناکات، روبەرووی رەخنە بێتەوە ئەگەرچی لە بەرژەوەندی خۆشی بێت. ھەر وەک چۆن دیل کارنگیش دەلێت؛ “گەر ویستت خۆشەویست بیت رەخنە مە گرە”. بۆیە دەبێ زۆر ھەستیارانە رەخنە ئاراستە بکەین. خۆی رەخنە تا نەرم و نیانتر بێ بنیادنەرتر دەبێ، تا بە ئەتەکیەتتر و رۆنتر و بابەتیتر بێ جوانتر دەبێت. بە پێچەوانەوە رەنگە رەخنەی تووند وەڵامی تووندی ئەبێت. لەناو ھەموو جۆرێکی رەخنە لای ئێمە رەخنەی کۆمیدیا زۆرترین رەواجی ھەیە و زۆرترین جار رەخنە بە کۆمیدیا ئاراستە دەکرێت. وەک خوێکی ھەمیشەی ھەندێ کەسی لێھاتووە، لە حالەت و دیاریدە دەرچووە و خەریکە ئەبێتە مۆرکی نەتەوایەتیمان. ئەمەش رەنگە پتر لەباربوونی زمانی کوردی بۆ کۆمیدیا ھۆکارێک بێت بۆ فراوانبوونی زمانی کۆمیدیا و رەخنەی کۆمیدی. ھەروەھا لە ئەنجامی بۆشای ھونەری سینەمای کوردی و نەبوونی ئەکتەری سەرکەوتوو لەم بوارەدا کە ئەتوانین بڵێین سێ بەشی شاشەی تەلەڤزیۆنەکانمان جگە لە بەرھەمی بیانی کۆمیدیان. ھەر لە زنجیرە و فلیم تا ئەگاتە بەرنامە، شۆ و شانۆ… رەنگە دەرھێنانی بەرھەمێکی کۆمیدی وا و دۆزینەوەی ئەکتەری کۆمیدیا ئاسانتربێ لە نمایشکردنی دیمەنێکی تراژیدی. ئەمەش بە بروای من ھۆکارێکی تری فراوانبوونی زمانی کۆمیدیا و رەخنەی کۆمیدی.
رەخنەی کۆمیدی لە ئێستادا وەک لێشاوێکی ئاوی بەخوری لێھاتوە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا کە بە ھیچ جۆرێک ھیچ جوڵەیەک و ھیچ کەسێک نابورێت کە بە پێچەوانەی رەوت و ویستی رەخنە گرانبێت. رەخنەگرانیش چینێکی دیاریکراو نین بەلکو تێکرای کۆمەڵگان. لەناو ھەمووشیان رەخنە لە دەسەڵات و لە سیاسەت تەواو بە کۆمیدیا بووە. ھەموو رۆژێک نوکتەیێک لە ھەمبانەی کۆمیدیا زیاد دەکات، رەنگە زیاتر لەبەر ئەوە بێت خەڵکی ترسی لە دەسەڵات ھەیە، ھەر بۆیە رەخنەکانی بەشێوەی کۆمیدیا ئاراستە دەکات، تا ھەم خۆی ئاسودە بکات لەم قسەی پێیەتی و ھەمیش تووشی کێشە نەبێت لەگەل دەسەڵات. من ھەمیشە رەخنەم لە رەخنەی کۆمیدی ھەبووە وە پێم باشە پەنای بۆ نەبردرێت و چیتر رەخنە بە کۆمیدیا نەکرێت لەبەر ئەم ھۆکرانە:- کاتێ رەخنەی کۆمیدی لە کەسێک ئەگیرێ زیاتر لە ھەر جۆرێکی تری رەخنە شکێنەر و بێ بەزەیتر خۆی دەرەخات. ئەو کەسەی رەخنەی ئارستە کراوە ھەست بە کەمی دەکات، ھەست دەکات شکۆ و کەرامەت لەکەدار بووە، پێی وایە بۆتە مایەی گاڵتەجاری و پێکەنین. بەم جۆرە رەخنەکە لە بڕی بنیادنەر ئەبێتە شکێنەر. کاتێ رەخنە لە دەسەڵات دەگری بە کۆمیدی، ئەمە باشترین پاداشتی دەسەڵاتە کە ئەیدەیتێ بەرامبەر ھەڵە و کەموکوری. ئاخر حوکمەت یا بەرپرسێک بە ملیۆنان دۆلار قازانج بکات تۆش لەبەرامبەر ئەمە لە بڕی ئەوەی بێیتە دەنگ و بەکردار گەندەلیەکە نەھێلی، تەنھا لەسەری مەجلیس دانیشیت و بە پێکەنین و گاڵتە و نوکتە رەخنەی ئاستە بکەیت، ئەمە پاداشتەکەیە.
زۆرێک لە بیرمەندان پێیان وایە ئەسلەن رەخنەی کۆمیدیا بەرھەمی دەسەڵاتە و دەسەڵات خۆی دایناوە تا شەقام کپ بکاتەوە، خەلکی بەم جۆرە رەخنە بگرن باشترە نەوەک بە کردار و دەنگ. کاتێ رەخنە رووبەروی ئاینێک یا مەزھەبێک یا ئایدولۆژیایێک دەگریت، گەر رەخنە کۆمیدی بوو ئەچێتە قلبی گاڵتەپێکردن و کەمکردنەوە لە قودسیەتی پەیرەوانی. بەڵام بەپێچەوانەوە رەنگە ئاسایی بێ کە بە ئەتەکیەتی تایبەت بە بابەتەکە رەخنە بگریت. بە بروای من رەخنەی کۆمیدیا بە گشتی ناوزراندن و گاڵتەپێکەرانەیە، وە ناتوانێت بابەتی بێت.
(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)