کۆمەڵگای کوردی لە نێوان نەبوونی هۆشیاری و هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتی

هەرکات باسی پێشکەوتنی فەرهەنگی و رۆشنبیری وڵاتانی پێشکەوتوو دەکرێت، هۆکارەکەی بۆ هۆشیاریەکی ئاست بەرزی گەلەکەی دەگەرێنینەوە. چەندین نموونەش بۆ رۆشنبیری تاک و کۆمەڵگەکەی دەهێنینەوە، وهەموو جارێکیش بە خۆمانیان بەراورد دەکەین. وەک ئەوەی ئێمە لە خراپترین ئاستی رۆشنبیری بین، و ئەوانیش لە بەرزترین ئاستدابن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا راستە ئێمە ئاستی رۆشنبیریمان وەک پێویست نییە، یان هەست بە بەپرسیارەتی ناکەین؟ کاتێ پیادەیەکمان لەسەر شەقامێکی گشتی دەیەوێت بپەرێتەوە، نایەوێت سەد مەترێ بڕواتە شوێنی پەرینەوەی هاوڵاتی ئەوە لاوازی ئاستی رۆشنبیریە، یان هەست نەکردن بە بەپرسیارەتی؟ تونێڵی پەرینەوەی بەردەم زانکۆکان بۆتە (WC) بۆ خوێندکارەکانی زانکۆ و کاتێک قوتێک یان پاشماوەی خواردنێک لەهەر کوێ بتەوێ فرێبدەی، لاوازی ئاستی رۆشنبیرییە یان هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتی؟ کاتێک لەدەنگدانی گشتی هاوڵاتی دەنگ دەدات بە لایەنێکی لێوان لێو لە گەندەڵی و کەمتەرخەم لە ئاست نەبوونی پێداویستیە خزمەتگوزاریەکانی لاوازی ئاستی رۆشنبیریە یان هەست نەکردنە بە بەرپرسیارەتی؟ کاتێک گەنجێک لەماڵ دێتە دەر بەچەکەوە ئایا نازانێ کارێکی هەڵە دەکات یان هەست بە بەرپرسیارەتی ناکات بۆیە بەچەکەوە دەچێتە دەر؟ بەرپرسێک زوڵم له هاوڵاتیەک دەکات ئایا نازانێ هەڵەیە یان هەست بە بەرپرسیارەتی ناکات؟ کاتێک ئەرکێکت پێرادسپێردرێ و فرت و فێڵی تێدا دەکەیت و بە ئەرکی خۆی هەڵناستێ ئایا نازانێ هەڵەیە یان هەست بە بەرپرسیارەتی ناکات؟

هیچ رەوشتێک نییە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بیکەن ئێمە نەیزانین، بەڵام ئەوان هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن وبەڵام ئێمە نا. کەواتە هۆشیاری ئێمە لە هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتییە نەوەک نەزانی. بۆ هەستکردن بە برپرسیارەتی پێویست بەوە ناکات قوناغە سەختەکانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان دووبارە ببرینەوە. چارەسەریش بە چەند رێگایەک دەکرێت گەر بەنیازبین کۆمەڵگەیەکی خاوەن شەرستانی بنیاتبنێین..

رێگای یەکەم: لە ناوەندەکانی خوێندن دەست پێدەکات، پێویستە نەوەی نوێ فێری هەست کردن بە بەرپرسیارەتی بکرێت، هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتی ببێتە شەرم لەناو کۆمەڵگا. هەر تاکێک هەستی بە بەرپرسیارەتی نەکرد پێویستە خەڵک بە چاوێکی نزم سەیری بکەن تا هەست بکات. گەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت دادەبرێت لە خەڵکی، رووێکی ناحەزی دەبێت.

رێگای دووەم: پێویستە زۆر شت بکرێتە یاسا، پابەند نەبوونی شۆفێر بە یاساکانی هاتوچۆ سزای پێ ژماردنەکە دەمودەست بێت، نەوەک پاشەکەوتبێ بۆ کاتی نوێ کردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێڵەکە. کاتێ هاوڵاتیەک لەسەر شەقامێک پاشەرۆکی فێردەدات، پێویستە هەر تاکێک‌ دەمودەست پەیوەندی بکات بە شوێنێک تایبەت بێت بە سزادانی پیسكردنی ژینگە یان خۆی بە شێوازێکی جوان پێی بلێ کە رووی نەبێ جارێیتر ببێتە بەشێک لە پیسکردنی ژینەو شەقامەکان. کاتێک لەماڵەوە گلۆپێکی زیادە پێ دەکەیت و پێویستت پێی نییە، پێویستە نرخی کارەباکەی دووقات و سێ قات لەسەر ئەژمار بکرێت (پێوەری زیرەک دابنرێ لە ماڵەکان) زۆرینەی هاوڵاتی بە پێ ژماردن پابەند بە یاسا دەکرێ بەتایبەت کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان.

رێگای سێیەم: پێویستە دەوڵەت پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆ تاک و کۆمەڵ دابین بکات تاوەکو هەموومان هەست بکەین ئەو وڵاتە هی هەموومانە، هەموومان خۆشمان بوێت، هەموومان بیپارێزین، هەست بە بەرپرسیارەتی بکەین بەرامبەر ژینگە، کۆمەڵگا، دامەزراوەکانی دەوڵەت و داروبەردی وڵاتەکەمان.

  • نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل هەولێر

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top