هونەر کۆمەڵگا ئاراستە دەکات یان کۆمەڵگا هونەر ئاراستە دەکات؟

هونەرمەند (تەها خەلیل) لە یەکێ لە دیمانە تەلەڤزیۆنییەکاندا دەگێرێتەوە (لەسەردەمی شۆرشی ئەیلوول) کاک نەوشێروان ئێمەی هونەرمەندانی بانگكرد گووتی “ئێوە ئاگاتان لەسەرکردایەتی نییە و بێ پرس و سەربەخۆیانە کار دەکەن. پێویستە لەمەولا سەرکردایەتی ئاراستەتان بکات کە چ پەیامێک پێویسته‌ بگەیەنن” تەها خەلیلیش دەڵێت، “ئێ باشە چی بکەین و بچینە لای کێ و پێمان بڵێ چی بکەین؟” نەوشێروان مستەفاش دەڵێت “برۆن قسە لەگەڵ مەلا مستەفا بکەن با پێتان بڵێت چی بکەن؟” گووتی ئێمەش چووینە لای مەلا مستەفا و گووتمان “کاک نەوشێروان ئاوای پێ گۆتووین و ئێمەشی ناردە لای تۆ، پێمان بڵێ چی بکەین؟” مەلا مستەفا سەیرێکی کردین وتی “تۆ خودا شەرم ناکەن؟ ئێوە هونەرمەندن رێنیشاندەری ئێمەن، چینی رۆشنبیری کۆمەڵگان، ئێوە بە ئێمە ئێمە دەڵێن چی کەین و چی نەکەین. لە کوێ هەڵەمان هەبێ لە رێگای هونەرەکەتانەوە پێدان دەڵێن و ئاگادارمان دەکەنەوەو پێشمان دەڵێن پێویستە چی بکەین، کەچی ئێستا ئێوە هاتوون لە من دەپرسن کە پێتان بڵێم چی بکەن؟” هونەرمەند (تەها خەلیل) وتی مووەکانی لەشمان گرژ بوو لە خۆشیان نەماندەزانی چۆن هەستی خۆشی دەربڕین.

ئایا هونەری کوردی ئەمرۆ بەو ئەرکە پیرۆزەی هەڵساوە؟ لە کوێ و کام دراماو فیلم و کورتە تەمسیلی کۆمەڵگاو رۆشنبیری و دەسەڵاتدارو چینەکانی کۆمەڵگا ئاراستە کراوە؟ ئەمرۆکە ئامانجی هونەر چییە؟ ئایا هەر کۆکردنەوەی سامان و دروستکردنی کەشێکی خۆشە بۆ بینەرو خەڵکی؟ رۆژانە دەیان کێشەی کۆمەلایەتی، دەیان رووداوی سیاسی و دەیان کێشەی ئابووری و بازارکردن روودەدەن. کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی تاک بەتاکی کۆمەڵگاوە هەیە. ئەرکی هونەر چیی بووە تا ئێستا؟ هونەر خۆشی بۆتە بەشێ لە کێشەو قەیرانەکان، ئەوە کارەساتە، گەر وەزارەتی رۆشنبیری و هونەرمەندانی خەمخۆرو دڵسۆز نەبن کۆمەڵگا بەرەو چ هەڵدێرێک دەروات؟ ئەو وتارەی منیش شەرمە بۆ هونەرمەندان لە جیاتی ئەوەی ئەوان بە ئێمە بڵێن چی بکەین. کەچی ئێمە ئێستا بەئەوان دەڵێن پێویستە چی بکەن. هونەر وێنەی راستەوخۆی شارستانی گەل و وڵاتە، بەڵام کوا شارستانی ئێمە؟ جگە لە رێکلامی بارزگانی (گوناحە پێی بوترێ رێکلامیش) و پارە کۆکردنەوە لە رێگای شانۆگارییە بێ سەروبەرە بەناو کۆمێدیەکان. ئەرکی هونەر چی بووە تا ئێستا؟ بەشێکی کەمی هونەرماندان لەو خەمەدان و لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتیەن. بەڵام کوا کاریگەریان؟

ئایا هونەرمەندانمان لاوازن لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتیەدانین؟ یانیش بەرگەی ئەو بە لێشاو دۆبلاژکردنەی فیلمی تورکی و ئێرانی و کۆری ناگرن؟ ئایا مەرجە لەرووی ناوەرۆکەوە وەک ئەوان بەهێزبێ تا رکابەری ئەوانمان پێبکرێت؟ بەهێزی ناوەرۆکی درامای تورکی چییە؟ سیناریۆ منداڵانەو نالۆژیەکیەکانیان؟ ئەو کۆمپانیا رێکلامیانەی ئێستاکە هەیە ناتوانن لە رووی کوالیتەوەرکابەری فیلم و دراما بیانیەکان بکەن؟ بێ گومان دەتوانن کوالیتی باشترو بەهێزتریش بکەن. ئەی بۆچی کاری هاوبەشیان نییە؟ تاکەی هونەر ئاوا سەرگەردان و بێ کەس بێت؟ ئایا چارەسەر تەنها لای وەزارەتی رۆشنبیری و حکومەتە؟ خۆ لە سەردەمی شاخ و بەعس کوا هونەرمەندان هاوکاری ماددی دەکران؟ بەڵام بەهێزترین و باشترین فیلمیان بەرهەم دەهێنا ئەوکات، کەواتە هیچ پاساوێک رەوا نییە چگە لە خەمساردی و کەمتەرخەمی هونەرمەندان نەبێت. کات زۆر درەنگ بووە گەر هونەرمەندان فریای حاڵی ئێستای هونەر نەکەون لە مێژوودا رۆشنبیران ناویان زۆر بە خراپی دەهێنن، کە لەوسەردەمی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا نەیانتوانیوە هیچ بەرهەمێکیان هەبێت کە خزمەتی چینەکانی کۆمەڵگا بکات. ئەرکیان پێچەوانە بۆتەوە لە جیاتی ئەوەی چینەکانی کۆمەڵگا ئاراستە بکەن، کۆمەڵگا ئەوان ئاراستە دەکات.

·        نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل هەولێر.

(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top