بە گشتی لە ھەموو جیھان، وە بە تایبەتر لە نێو مللەتانی جیھانی سێھەم، چەمکە فەلسەفیەکان بە خەڵکانی ئاسایی و گشتی نامۆن و زیاتر رۆشەنبیران و خوێنەران بەکاری دێنن و تێیەگەن. بەڵام ئەو چەمکەی من دەمەوێت باسی بکەم، نەوەک تەنھا بە مێگەلی ئێمە نامۆیە. بەلکو لەنێو چینی رۆشەنبیران، بیریاران و خوێنەران تا دەگاتە نووسەرەکانیشمان ھێندە بەکار نەھێنراوە و نەناسراوە و کار پێنەکراوە. بە پراکتیکیش لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی نییە و نامۆیە بە دونیای ئێمە. ھەرچەند بە بڕوای من بوونی پێوسترە لە ھەموو چەمکە ناسراوەکانی تر. پلۆرالیزم گەر وەرگێرینە سەر زمانی کوردی لە بەرامبەریدا ھیچ وشەێکی پر بەپێست نییە. بەڵام ئەتوانین فرە رەنگی، فرە دەنگی، فرە جۆری، فرەبیری، فرە بینی، یا قبووڵکردنی جیاوازی بۆ بەکر بێنین.
پلۆرالیزم واتا قبووڵکردنی جیاوازی بەرامبەرەکەت بێ ھیچ جۆرێک لە بێریزی وە ئازادی پێدانی تەواوەتی کە بتوانێت کەسی بەرامبەرت بێ ھیچ زۆرە ملە و سانسۆر و سنوردارکردن، وەک تۆ بەردەوام بێت لەسەر ئەم رێچکەی خۆی. وە بوونی دیالۆک و لێکتێگەشتن لەنێوان ئەم دوو جیاوازیە. جا جیاوازیەکە ھەرچی بێت، ئاین، ئایدولوژیا، زمان، نەتەوە، رەنگ، جۆر، بیرکردنەوە، …ھتد. لەبەر ئەوەی مرۆڤ بە جیاواز لەوەی تر دێتە دونیا، وە خاوەن گۆشە نیگ و دونیا بینی و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆیەتی. یا ئەوەتە بە جیاوازێکی سروشتی لەدایک دەبێت. بۆیە ئەبێت رێگای بەمشێوە ژیانی پێبدرێ، وەک چۆن رەوایەتی بەم جیاوازیەی خۆمان دەدەین. ھەر بۆیەش کۆمەڵێک فەیلەسۆفی وەک نیچە تا بیرمەندی وەک علی وردی. دان بە رێژەی بوونی حەق دەدەن و پێیان وایە حەقیش وەک سێوێکی لاسور نیوەی بە من و نیوەی بە تۆیە. تا ئەگاتە ئەوەی نیچە بلێت؛ “یەقین کۆشندەترینە”. چاوێک بە کۆمەڵگای خۆماندا بخشێنین، بۆمان دەرەکەوێت پلۆرالیزم نامۆترین چەمکە لە دونیای ئێمەدا.
سەیرکە بە درێژای مێژوو شەڕمان لەگەڵ برا، ھاونەتەوە و ھاو زمانی خۆمانە لەسەر جیاوازێکی کەمی ئایدولوژی و سیاسی. کەم نین ئەوانەی لەسەر جیاوازی ئاین و مزھەب سەرکوت کراون. قەلاچۆ کراون، تەکفیر کراون و کوژراون. کەمترین جیاوازی گەر تەنھا لەنێوان دوو تیپی تۆپی پێ یا دوو ھونەرمەند یا دوو شار و لادێ بێت شەڕ و گێچەل تا کوشتن دوور نەبووە و روی داوە. ئێستا کاتیەتی کە لە خۆمان بپرسین لە کام شار لە کام کۆچە کام کۆلانی ئەم وڵاتە پلۆرالیزم بدۆزینەوە؟ لە کامە جیاوزی ئێمە کەسێکی پلۆرال بووین؟ ئەو پلۆرالیزمەی کە فاتیمۆ و ھانا ئارنێت باسیدەکەن و کە لە دونیای مۆدێرنی خۆرئاوا بوونی ھەیە و وەک سیستەمێکی جێگر و نەگۆر. ھەرچەند لەوێش رەنگە جار جارە لادان لەم قبووڵکردنە بوونی ھەبێت. لە کۆتایدا ئەلێم؛ پێوستە پلۆرالیزم لە سیستەمی پەروەردە جێگیر بکرێ و وەک وانە مامۆستاکان بە نەوەکانی داھاتوومان بڵێنەوە، تاوەکو ئەوانیش وەک ئێمە رقەستور نەبن بەرامبەر بە جیاوازیەکانی یەکتر، قبووڵکردنی جیاوازی ببێتە خۆ و ببێتە نەریت. بەمە تاک ئازادتر و پارێزراوتر دەبێت و دواجار سەرکەوتووتر و بروا بەخۆتر دەبێت. گەر تاک چالاک و نچەق بەستوو بێت کۆمەڵگاش چالاک و ناچەق بەستوو دەبێت و بە ئەمەش سەرتاپای کۆمەڵگا بەرگێکی تر لەم بەرگە کرێتیەی ئێستا ھەیە ئەپۆشێت.
(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)