پرۆسەی هەڵبژاردن گەر ئامانجەکەی بە وردی شی بکەینەوە، بریتیە لە هێنانە پێشەوەی رووخساری نوێ، ئایدلۆژیای نوێ بۆ حکومرانی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە داهاتوو. بەئاراستەیەکی تر پەیامی کابینەی داهاتوو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و وەدیهێنانی داواکاریەکانی شەقام بێت. فاکتەری بەرەوپێشچوون یان بەهێزبوونی ئابووری لەهەر ووڵاتێ، بریتییە لە دابینکردنی سەقامگیری ئاسایش و دوورخستنەوەی جەنگ لەووڵاتدا. بە ئاراستەیەکی تر سەروەربوونی یاسا بەئامانجی رێکخستنەوەی داهات، رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زیاد کردنی سەرچاوەی داهات لەرێگای کارکتەر و روخساری نوێی نێو کابینەی داهاتوو خزمەت بەداهاتوو هەرێم دەکات.
بوونی سەرچاوەی زۆر لە هەرێم وەک نەوت، گاز، غاز، فۆسفات و کانزا … هتد، رەوشی دارایی بە بەراورد بە ساڵی 2014 تا 2018 کە بریتی بوو لە دابەزینی نرخی نەوت و بەهەدەردانی سامانی ژێرزەوی لە هەرێم و ڕێگریکردن لە نە ناردنی بودجەی هەرێم، لە لایەن بەغداو بەهۆکاری ئالۆزیەکانی نێوان هەردوولا، هۆکار گەلێک بوو بەئاراستی تێکچوونی دۆخی ئابووری کۆمەڵانی خەڵک. بەئاڕاستەیەکی تر ئەنجامدانی چاکسازی لەنێو خۆ، کەمکردنەوەی خەرجیەکانی ناوخۆ، رێکخستنەوە باج و رێکەوتنمان لەگەل بەغا دەتوانرێت خوێندنەوەی تر بۆ سالێکی جیاواز بکەین لەڕووی ئابوورییەوە. بۆیە پەلەکردن لە دروستکردنی کابینەی نوێ ئەرکی هەموو هێزەکانە. لەدوای هەموو هەلبژاردنێک ئەرکی هێزە براوەکانی هەڵبژاردنە بەخزمەتکردنی کۆمەلانی خەلکی کوردستان لەبەر دوو هۆکاری گرینگ؛ یەکەمیان لە پرۆسەی هەلبژاردن کۆی هێزەکان کۆمەلێک بەلێن، دروشمی زل و گەورەیان بەشەقامدا بەخزمەتکردنی جەماوەر لەسەرجەم بوارەکان. واتا دەنگدانی بەشێکی زۆری جەماوەر لەسەر بەلێنەکان بووە. دووەمیان پاداشتی شەقامە لەهەمبەر بەرگەگرتنی قەیرانەکانی چەند ساڵەی هەرێم لەپێنەدانی نەبوونی موچە.
دەسەبەرکردنی متمانەی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی زیادبوونی ڕێژەی دەنگی هەردوو حزب؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەسەبەری هێزی دووەمی کرد لە گۆرەپانی سیاسی هەرێم و ئەرکەکانی ئەم دوو هێزە قورس تر ئەکات. بۆیە بەتێپەراندی دۆخی نێوخۆی هەرێم، باشترکردن و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکان، پێشکەشکردنی خزمەت لەدەستپێکی هەنگاوەکانیان بێت. بەئاڕاستەیەکی تر ئەرکی هەردوو هێزە براوەکەی هەڵبژاردنە هەژمۆنی خۆیان بەکاربێنن و گرینگی زیاتر بە بەهێزکردنی پایە سەرەکیەکانی هەرێم بدەن کە لەژێر هەژمۆنی قەڵەمڕەوی ئەم دوو هێزەدایە. بۆیە گرانایی ئەرکە قورسەکە دەکەوێتە ئەستۆیان. لە داهاتوو وەلام دەرەوەی کۆی بۆچوون و ئەگەرەکان دەبێت کە ئایا کابینەی نوێ جیاوازە ئەبێت، یان خولانەوەیە لە دەوری 27 ساڵی پێشوو!
(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)