پارتی و لەدەستدانی ئامێدی*

ماوەیەکە پەیوەندییە سست و لاوازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان، گرژی و ئاڵۆزی زۆرتری تێکەوتووە. رەوشەکە گەیشتووە رادەی سەنگەرلێدان بەرامبەر یەکتری کە دواجار لە ناوچەی خانەسۆری سەر بە قەزای شنگال کوشتن و بریندارکردنی چەند گەریلا و پێشمەرگەی لێکەوتەوە. پارتی دەخوازیت بەهەر شێوەیەک بێت تەواوی قەزاکە بگەڕێنێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و پێێ وایە پەکەکە هێزێکی ناشەرعییە و پێویستە ناوچەکە چۆڵ بکات. پەکەکەش هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی پێگەی لەو قەزایەی کە ماوەی زیاتری دوو ساڵە گەریلاکانی لێ جێگیرکردووە و جۆرە دەسەڵاتێکیشی تێیدا دامەزراندووە و هەرگیز ئامادە نییە دەستبەرداری بێت.

گرژییەکانی خانەسۆر خێرا تەشەنەیان کرد و رەنگدانەوەیان لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دیارە. بەتایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان. لە رۆژئاوای کوردستان لایەنگرانی پەکەکە بارەگای پارتە کوردییەکانی نزیک پارتی دادەخەن. لە باشووریش بەتایبەتی لە زۆنی زەرد گەریلاکانی پەکەکە وەکو پێشووتر تێکەڵاوی خەڵکی نابن و بەپێی هەندێک زانیاری چەک و چەکدار کۆدەکەن و مین لە نزیک جادە سەرەکییەکان دادەنن بەتایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەکان. لەلایەکی دیکەوە دەگوترێ پارتیش بەهەمان شێوە و لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کادیرە حکوومی و سەربازییەکانی خستوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و کادیرە حیزبییەکانیشی چەکدارکردووە بۆ هەر ئەگەر و رووبەرووبوونەوەیەک.

من وەکو نیشتەجێیەکی پارێزگای دهۆک دەبینم کە رەنگدانەوەی ئەو دۆخە ئاڵۆزە زیاتر لە سنووری ئەم پارێزگایە و دەڤەری بادینان دیارە و بەتایبەتیش لە قەزای ئامێدی. بەڵگەش ئەوەیە کە ئێستا سەرەتای وەرزی بەهار و چاندنە، بەڵام کەمترین ژمارەی جۆتیارانی ئەو ناوچەیە کار لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەن. هەروەها رێژەیەکی کەمتری هاونیشتیمانیانیش سەردانی شوێنە گەشتوگوزارییەکانی ئەو قەزایە دەکەن. لە ترسی ئەوەی کە لەناکاو رەوشەکە بتەقێت و رێگاکان دابخرێن. پێموایە ئەو ترسەیان لە جێگەی خۆیە و ئەگەر لە شنگال شەڕ لە نێوان پارتی و پەکەکە رووبدات، یانیش هەوڵبدرێت پەکەکە لەو قەزایە دەربکرێت، ئەویش لەبەرامبەردا قەزای ئامێدی لەدەست پارتی دەردەهێنێت!

من دەبینم کە پەکەکە لە ماوەیەکی کەمدا ناحییەکانی چەمانکێ، کانی ماسێ، نێروەرێکان، بەرێگارە و دەروازەی سەرزێری لە نێوان باشوور و باکووری کوردستان لە سنووری ئەو قەزایە کۆنترۆڵ دەکات. هەروەها ناوەندی قەزاکەش دەکەوێتە ژێر هەژمۆن و رەحمی چەکی گەریلاکان. ئەویش لەبەر چەند هۆکار؛ یەکەمیان، سروشتی شاخاویی قەزاکە و خراپی رێگاوبانەکان کە وادەکەن پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی پارتی نەتوانن فریای قەزاکە بکەون. دووەمیش، کەمی و بێسەروبەریی فەرمانگە حکوومییەکان لەو قەزایە. سێهەمیش کە لە هەمووی گرنگترە، دانانی کەسانی لاواز لەسەرۆی دامەزراوەی حیزبی (پارتی) لە ئامێدی بەو پێیەی کە هێشتا حیزب باڵاترین دەسەڵاتە لە کوردستان.

هەموو ئەو هۆکارانە وادەکەن پەکەکە بەئاسانی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات و دۆخەکە بگەڕێنێتەوە دەستپێکی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو کە ئەوکاتە دەسەڵاتداری راستەقینەی ئەو ناوچانە بووە. بەڵام ئایا پارتی ئامادەیە بۆ شنگال دەستبەرداری ئامێدی یان هەر ناوچەیەکی دیکە ببێت؟ وەڵامی ئەوەش لەگەڵ پێشهاتەکان دەستمان دەکەوێت.

  • ئەڤ گووتارە بەری دوو ساڵان ل سایتی (دوارۆژ) هاتییە بەڵاڤکرن:
https://www.dwarozh.net/details.aspx?jimare=44806

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top