“بەردەڕەش وەك ناحیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”

بەردەڕەش یەکێکه لە قەزاکانی پارێزگای دهۆک. لە ساڵی 1890 لە سەردەمی عوسمانییەکان بووە ناحیە و ساڵی 2006 بڕیاری بەقەزابوونی بۆ دەرچوو و لە ساڵی 2007 بڕیارەکە جێبەجێ کرا. ڕووبەرەکەی 400000 دۆنم زەویە و ئێستاکە 3 ناحیە، 106 گوند لە خۆ دەگرێت. ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە نزیکەی 160,000 دەبێت. لە ساڵی 1991 خەڵکی ناوچەکە ڕاپەڕینیان دژی حکومەتی ڕوخاوی بەعس کرد، کە یەکەم ڕاپەڕین بوو لە سنووری پارێزگای دهۆک وە بووە دەروازەی ڕاپەڕین له ناوچەکە. دوای ئەو ڕاپەڕینە لە ناوچەکانی تری پارێزگای دهۆک ڕاپەڕین کرا. بەردەڕەش یەکێکە لە شوێنە ستراتیژییەکانی کوردستان، لە نێوان پارێزگای دهۆک و هەولێر. ڕێگای بەردەڕەش ڕێگای سەرەکی هەندێک دەوڵەتە بۆ بازرگانی، وەک تورکیا، سوریا و لوبنان. تەنانەت ڕێگایەکی سەرەکی بازرگانیە بۆ پارێزگاکانی عیراق، جگە لە هەرێمی کودستان.

ئەوەی ئێستا لە قەزای بەردەڕەش دەگوزەرێ بەڕاستی جێگای داخە کە شارێک دەروازەی ڕاپەڕین بێت و هیچ خزمەتگوزاری بۆ نەکرابێت. ئەی ئەگەر دەروازەی ڕاپەڕین نەبووایە، دەبێت چی بەسەر بهاتبایە؟! هەمیشە وەک ناحیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بۆ نموونە تا ئێستا نەخۆشخانەیەکی گەورەی لێ نییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی ناوچەکە و بۆ دەرهێنانی موڵەتی شۆفێری دەبێت خەڵکی ناوچەکە بچن بۆ قەزای ئاکرێ بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکرێت. لێرەدا بەیەک نموونە بۆمان ڕوونبووە، ئەی باشە چۆن دەبێت لە قەزایەک بچی بۆ قەزایەکی تر بۆ تەواوکردنی کارەکانت؟! هەرگیز نەماندیتووە قەزا سەر بە قەزا بێت، هەر ناحیە سەر بە قەزایە! جگە لە ئەمانەش چەندین کەموکورتی تر هەیە لە قەزاکه. وەک نەبوونی پارکێکی خۆش و گەورە بۆ خەڵکی ناوچەکە. یان نەبوونی هەندێک خزمەتگۆزاری تر. هەروەها خەڵکی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکی بچووک دەبێت سەرەدانی دهۆک یان شوێنێکی تر بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری.

ئەی قەزا وا دەبێت کە هیچی نەبێت بکرێت بە قەزا؟! ئەگەر لە تواناتاندا نییە نەیکەن بە قەزا. چونکە کاتێک باژێڕەک دەکرێتە قەزا، ئەوا دەبێت بە هەموو شێوەیە خزمەتگۆزاری بۆ بکرێت و هاوکاری بکرێت لە بەڕێوەبردنی کارگێری ئەو قەزایە. چەند ڕۆژێک دەبێت خەڵکی ناوچەکە داوای خزمەتگۆزارییان لە بەرپرسەکان کرد، بۆ ئەوەی چەند خزمەتێکی ناوچەکە بکەن کە تووشی گرفت بوونە لێی. وەک ڕێگاوبان و تەواوکردنی ئەو نەخۆشخانەی کە پێش چەند ساڵێک دەبێت بناغەی بۆ دانراوە و ئێستا هیچ کارێک لێناکرێت. هەروەها یارمەتیدانی جوتیاران بۆ درێژەدان بە کارەکانیان، چونکە خاکی ناوچەکە زۆر بە پیتە بۆ کشتوکاڵ. لە ئەنجامدا بەرپرسێکی گەورەی ئەو ناوچەیە وەڵامی ئەوە بوو (قەزای بەردەڕەش قەزایەکی نوێیە)! ئێ باشە ئەوە 11 ساڵە بووەتە قەزا کەی نوێیە؟! ئێمەش وەڵاممان ئەوە دەبێت؛ ئێوە تەنها بۆ بەیرەی خۆتان ئەو قەزایە بەڕێوەدەبەن و هیچ کاتێک خەمی ئەو ناوچەیە ناخۆن. ئایا بەڕێوەبردنی کارگیری قەزاکە تاکەی وا بێ بەرپرسیار دەمێننەوە؟ ئەگەر کارگێری قەزاکەیان پێ بەڕێوەناچێت، ئەوا بلا پۆستەکانیان بهێلن بۆ ئەوەی کەسی شیاو جێگایان بگرێتەوە.

لەسایەی ئەو کەسانەی ئێستا قەزاکە بەڕێوەدەبەن، ناوی بەردەڕەش هەر بە خراپی ڕۆیشتووە. بگرە لەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵکی ناوچەکە هاتووە، تەنانەت ئێستا ناوێ بەردەڕەش لە چ شوێنێکی کوردستان ببیسترێت، ئەوا خەڵکی ئەو ناوچەیە دەزانن چ قەزایەکە کە پڕە لە نەهامەتی. لێرەدا دەبێت خەڵکی ناوچەی بەردەڕەش چیتر لە مافی خۆیان بێدەنگ نەبن، بۆ ئەوەی خزمەتگۆزاری بۆ بکرێت وەک قەزاکانی تری کوردستان و لە هەموو ڕوویەکەوە. چونکه خەڵکی ناوچەکە تا ئێستا هیچی بۆ نەکراوە. خەڵکی ناوچەکە شایەنی زیاتری خزمەتگۆزارین و داوا لە بەرپرسە گەورەکانی ناو حکومەت دەکەین بە هانای هاوڵاتیانی قەزای بەردەڕەش بکەوێت، تا لە نزیکەوە بزانێت ژیانی هاوڵاتیان چۆنە.

  • نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل بەردەڕەش.
  • قوتابی بەشی رۆژنامەوانی ئەلیکترۆنی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆك ferhadyounisyounis@gmail.com

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top