هەیاسە لەو هەرێمە چ باسە

پڕۆسیسی دێمۆکراسی لەهەر چوار پارچەی کوردستان تووشی خوێنبەربوونی لە ئەندازە بەدەربووە. تاکە هۆکاری ئەم خوێنبەربوونەش دەگەڕێندرێتەوە بۆ ڕکەو لاساریکردن و لە خۆبایی بوون لەسەنگی خود زیاتر. کە ئەمەش گشتی پەیوەستکراوە بەنەبوونی ئاستی هۆشیاری و درك نەکردن بە بەرپرسیارێتی لەسەرهەردوو ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی لای سەرکردەکانی باشوور. ئەوەی لە چەندین ساڵی پێشوو بینراوەو هەستی پێکراوە، ویستە شەڕانگێزو پاوانخوازەکانی باشوری کوردستانە. کە سەرلەبەری هەوڵ و داهێنانەکانیان وەك خوێك یاخود فەریکە سیاسیەك ڕامانیانە لەسەنگ و قەبارەی خۆیان بەزیاترو بەردەوام لەهەوڵی دروستکردنی حزب و ڕێکخراوی کۆپین بۆ ئەوەی هەر کاتێ بۆیان بلوێ یاخود بۆی مەیسەر بێت، گوشارو کارتەکانیان لە کاتێکی هەستیاردا بەکاربێنن و تیایدا ویستە نەزۆکەکانیان بهێنەدی و پاشەکشە بە دەستکەوت و پێشڕەوییە بەدیهاتووەکان بکات و ببێتە هۆکارگەلێك و خۆێن بەربوونێکی بەردەوام لە جەستەی نەتەوەو نیشتمان. ئەم ئاڕاستەکارکردنە ڕێك باراش لێکردنە لە ئاشی دووژمن کە گشت دەستکەوتەکان لە سەبەتەکەی دوژمن دەکاتەوە.

دوێنێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لەشوێن شەڕکردن لەتەك برایانمان و هاوکاریکردنیان لەبوارەکانی دارایی، دەرمان چەك، هاوردەکردنی خواردن و شیری مناڵان، هەڵکەندنی خەندەك، داخستنی دەرگای سێمێلکا بەڕووی باشووری کوردستان، دروستکردنی ئەنەکەسە بەئاڕاستەی دابەشبوون بە سەر دوو جەمسەرو دووبەرەدا کرا دیاری باشووری کوردستان بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئیمڕۆش لە باکوور ئاڕاستەکانی باکووری کوردستان بەرەو پڕۆسەیەکی چارەنوسساز هەنگاودەنێ. لە وەستان و پێشڕەویەکان ناوەستێ و گشت کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم بەباوەڕبوون بەخود و بەکێشە ڕەوایەکەیان، هەنگاو دەنێن بەئاڕاستەی بەژداریکردن لەپڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیەکان. ئەم ویستە لەوەستان ناکەوێت لەسەرهەردوو ئاستی تورکیا بە گشتی و باکووری کوردستان بەتایبەتی. ئەم پڕۆسەیە بۆ کورد زۆر گرنگە. سەنگی گەلەکەمان لەبەڕێوەبردنی داهاتوو و دەسەبەرکردنی زۆرترین ڕێژەی کورسیەکان دیاری دەکات، لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی تورکیا و باکووری کوردستان. لەم نێوەندە هەدەپە گەورەترین پارتی کوردی و گەورەترین هێزی ڕکابەرە لەبەردەم ئاكپارتی و ئۆردۆغان. ئەرکی باشووری کوردستانە سەنگ و کاریگەرییەکانی لە سەرجەم ڕووەکان بخاتە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەییمان و کۆدەنگی کورد، یەکخستن و دروستکردنی لیستێکی هاوبەش لەنێو پارتە کوردیەکان بە ئەرکی هەنووکەیی خۆی بزانێت.

وەك چاودێرێك ڕامانمان لەسەر کارو کاردانەوەکانی ڕۆژانەی بەشتك لە سەرکردەکانی حزبێکی باشوور، ڕێك بەپێچەوانەی ویستی نەتەوەییمان لەدژی هەدەپەو دەستکەوتەکانی کورد هەوڵەکانیان بۆ چڕکراوەتەوە بە ئاڕاستەی دابەش بوونی دەنگ و سەنگ و زیان گەیاندن بە کێشەڕەوای نەتەوەکەمان. کە ئاڕاستەو هەنگاوەکانیان خۆی لە دروستکردنی زیاتر لە لیستێك بۆ کورد دەبینێتەوە و لەلای بەشێك لە بەناو ئەو سەرکردانە لە باشوور بۆتە ئەرك بەئاڕاستەی ڕاپەڕاندنی بەرنامەی دیاریکراو و تازە. ئەمیش خزمەت گەیاندنە بە ئۆردۆغان و ئاكپارتی لەم پڕۆسەیە چارەنوسسازەدا. پارتی ئازادی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سوسیالیست، کە سێ حزبی کۆپی دروستکراون لە باکووری کوردستان. لە رێگەی هاوکارییەکانی پارتی لە باشووری کوردستان خەریکی دروستکردنی دوو لیستن بۆ ئەم پڕۆسە چارە نوسسازە. جگە لە هەدەپە بە دروستبوونی سێ لیست لە باکووری کوردستان دەنگ و ڕێژەی کورسیەکانی کورد پاشەکشە دەکات لە بەرامبەردا دەنگی ئاکپارتی ڕکابەر لە هەڵکشاندا دەبێت. بەو پێوەرە بێت باشوور گەورەترین خزمەت بە ئاغاکانیان دەکەن کە خۆی لە خزمەتکردنی ئاکپارتی و ئۆردۆغاندا دەبینێتەوە.

لەکۆتا دەڵێم هەیاسە لەم هەرێمە چ باسە. بەپێی خوێندنەوەو ڕوانینی بەندە بێت باشووری کوردستان گەورەترین بەربەست و ڕێگرە لەبەردەم گەشەکردنی خەباتی هەمەلایەنەی کوردایەتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان. تاکو ئەو کۆپیا وابەستانە لە ژیاندابن، خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی، خەباتی دێمۆکراسی و دەستووری لەم قۆناغەدا ناتوانێت هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێ و ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی بپێکێت. چونکە ڕێگرییەکان لە باشوور لەپێناو ژیانی بەردەوام و پاراستنی سەرمایەی بەناو سەرکردەکانە لە باشووری کوردستان. بۆیە دەڵێم ماف و ئازادییە نەتەوەییەکان و بەخشینی ڕوبارێك خوێن لەپێناو کێشەی ڕەوای نەتەوەییمان لەپەنا نێوی پیرۆزی کوردایەتی، قوربانی ئێوەو مانەوەی خێزان، پاراستنی دەسەڵاتە ئیداری، حزبی، سەرمایە و پەیوەندییە گوماناوییەکانتان بێت.

  • بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە مەخمۆر.

(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نە یا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top