هۆشداریەکی توند بۆ حکومەت

ئەو بۆشاییە گەورەی لەنێوان دەسەڵات و خەڵک هەیە، بە رادەیەکە، نە خەڵک لە دەسەڵات تێدەگات، نە دەسەڵات لە خڵک تێدەگات. وا خەریکە کۆمەڵگا دابەشی دوو چینی تەواو جیاواز دەبێت. چینێک سەرمەدارو نوقمی نازو نیعمەت، چینێکیش هەژار و راکە راکی نان. چینی ناوەراست بەرەو لەناوچوون و نەمانی یەکجارێ دەچێت. دوو چینەکەی تریش رۆژ بە رۆژ جیاوازی نیوانیان زۆرترو زۆرتر دەبێت. ئەوەی بەرپرسیاری سەرەکییە، دەسەڵات و حکومەتن. بەر پرسیار نا بەڵکو ویستی ئەوانە. چونکە وا بیر دەکەنەوە گەر خەڵکێک تەواو تێربێت، هەقی بە سیاسەتەوە نامێنێ. چینە برسیەکەش ئەوەندەی بە دوای نانەوەن لە خەمی حاڵی سیاسەتی وڵاتەکەیان نین. بێ ئاگا لەوەی مرۆڤ کە بوو بە سەرمایەدار زیاتر چاو تەنگترو درندەتر دەبێت. بەردەوام بیر دەکاتەوە بگاتە لوتکەی دەوڵەمەندی و هەچی سەروەت و سامانی وڵاتە بیخاتە چنگی خۆی. بۆ ئەو مەرامەش سەرەتا خۆی لە حکومەت و پیاوی دەوڵەت نزیک دەکات. لە بچوکترین دەرفەت دەست لە قۆرگی حکومەت گیردەکات و ئەگەری کۆدەتا بەهێزترین ئەگەرە.

گەر سەرمایەدارەکان دەسەڵاتیان هەبێت، لەو لاوەش خەڵکی برسی وهەژار، راستە ئاگای لە دنیای سیاسەت و بەرێوەبەری وڵات نییە. بەڵام برسێتی رەگێکی لە هارییە و زۆر ئاسان دەتوانرێ بەکار بهێنرێ هەر وەک چۆن دەسەڵات بۆ مانەوەو بەهێزی خۆی بەکاریان دێنێت. کەواتە بەم هاوکێشە بێت، کۆمەڵگا چەندی بەرەو هەڵدێر بروات مەترسی لەناو چوونی حکومەت و دەسەڵات زیاتر دەکات. ئەوەی پایەکانی حوکمداری بەهیز دەکەن دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاساییە. هەر هێزیک مانەوەی خۆی گەرەکە، پێویستە بچێتە ناو دڵ و ژیانی خەڵک. حوکمداری تەندروست نابێ بهێلێ خەڵک نە تەواو تێربێ، تەمبەل و حۆل دەرچێ، نە دەهێلێ برسی و رەش و رووت بێت. بەردەوام لە ئەگەری تەقینەوەدابێت. بۆ هەردوویکشی یەک نموومنە دێنمەوەلە (۲۰۱۱) خەڵک لەو پەری رەفاهیەتدابوو، خۆشترین ژیانی هەبوو، کەمترین کێشەی خزمەتگوزاری هەبوو. بەڵام لە (۱۷) شوباتی هەمان ساڵ خەریک بوو حکومەت سەرەونخون بکەن، کە برسیش کران وخزمەتگوزاری نما، پروشکی خۆپیشاندان بۆ نان، گەشتە هەولێرو ئەژنۆی حکومەتی لەرزاند. (بارودۆخ ئاوا بەردەوام بێت ژیان لێرە بار دەکات). خەریکە باریشی کردووە.

خەڵک هەزارەها داواکاری ئاسان و سادەی هەیە، کە گشتی دابینكردنی مافە سەرەتاییەکانی ژیانە. بەڵام بەرپرسانی دەوڵەت نە گوێیان لێ دەگرن و نەلەخەمی خەڵکدان. هیچ کام لە بەرپرسەکان برسی و تینو نین، لەخەمی ناو نەهاتنەوەی کچ و کورەکانیان نین لە زانکۆ پەیمانگاکان، سەرمایان نییە هەست بە دواکەوتنی دابەشکردنی نەوت بکەن، لە وڵاتان باشترین دکتۆریان هەیە، لە خەمی خراپی کەرتی تەندروستی نین، رێژەی زیادکردنی سەرمایەکەیان بێ سنورە، نازانن دواکەوتن و کەمی موچە چ ماڵوێرانی و پەشۆکاوی و برسێتیەک دەخاتە ماڵی فەمانبەران و خەڵکی، چەندین کۆمپانیاو هوتێل و بەنزیخانەو مۆڵ و ریستۆرانتیان هەیە. بۆیە نازانن گەنجێکی بێ کار لە چ گوزەرانێکی سەختی ژیاندایە. گەر گوزەرانی خەڵک چاک نەکرێ و چینی ناوەراست نەبنەوە بە چینی گشتی و زۆرینەی کۆمەڵگا، نزیکی دە ساڵیتر هیچ ئاسەوارو شوێنپەنجەکی ئەو دەسەڵاتە نەماوە (یان بە کۆدەتای سەرمایەدارێکی خۆیان یان نزیک لە خۆیان، یانیش شۆرش و راپەرێنیکی خەڵکی هەژارو برسیکراو)، بۆیە چاککردنی ژیانی خەڵک، راستەوخۆ پاراستن و بەردەوامیدانی خۆیانە لەو پلەوپایەی ئێستاکە هەیانە.

نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل هەولێر

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top