تەغریبکردنی زمانی دایكBy رۆژئارتیکڵ - 28/09/2018 21 محمد سلیم– بەردەرەش تەغریبکردنی زمانی دایک لە لایەن وەزارەتی پەروەردە. هەمیشە وڵاتێک گەر بیەوێت میللەتێک لە نێو ببات ئەوا چەند رێگایەک دەگرێتە بەر بۆ لەناوچوونی ئەو میللەتە. یەکێک لە رێگاکان راگواستنەوەی خەلکەکەیە یان هێنانی قەومێکی بێگانە جێگیرکردنی لە نێو ئەو قەومەی کە دەیەوێت لە نێوی بەرێت، رێگایەکی تر کە میللەتێک لە نێو ببرێت ئەویش بە گۆرینی زمانی ئاخاوتنێتی کە بە چەند رێگایەک ئەو کارە دەکەن. بۆ نموونە مەنهەجی خوێندنی قوتابخانە و زانکۆکان دەکرێتە زمانی گەلێکی تر، بەوەش نەوەکان هێواش واز لە زمانی دایک دەهێنن و دەکەونە ژێر کاریگەری زمانێ بێگانە. بەڵام هەردوو رێگاکە جێبەجێکردنی و گەیشتن بە ئەنجامێکی دلخۆشکەر بۆ دوژمن ئەستەمە. چونکە میللەتەکە دەزانێت کە نەیارەکەی دەیەوێت لە نێوی بەرێت بۆیە هەوڵی پاراستنی خۆی دەدات. بەڵام بە داخەوە ئەوەی کارەساتە کە ئێستا روودەدات و زۆر بە دەگمەن خەلکەکە هەستی پێدەکەن. ئەویش لە نێوبڕدنی زمانی کوردییە لە پێناو بازرگانی گیرفانی خۆیان کە وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیارە. ئەویش کردنەوەی خوێندنگا ئینگلیزیەکانە کە مندال هەر لە تەمەنی (٦) دەست بە خوێندن و نووسینی بە زمانی بێگانە دەکات، پێش ئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایکی بێت. کە بەداخەوە تاکێک بەرهەم دێت هیچ گرنگی زمانی دایکی نازانێت و دەبێت بە بێگانە پەرستێک، کە بەو هۆیەوە هێواش نەوە لە دوای نەوە پشت لە زمانی دایک دەکرێت و لە نێو دەچێت. ئەم خوێندنگانە ساڵ لە دوای ساڵ لە زیادبووندایە و گرنگی پێ دەدرێت، کە بیانوی فێربوونی زانست دەکەنە بیانوو بۆ خوێندنی ئەو خوێندنگانە، کە ئەوەش بیانوویەکی پروپوچە. چونکە هەر خۆیان بەرپرسیارن و کەمتەرخەمن لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و دانانی پرۆگرامێکی گونجاو بۆ خوێندنگاکان و دابینکردنی شوێن و کەشێکی گونجاو بۆ خوێندکاران تا بە هۆیەوە نەوەیەکی گەش و پر زانست بەرهەم بێت کە هەم گەلەکەمان پێش دەکەوێت و هەم زمانەکەمان دەپارێزرێت.