مێژوو لە بارەی قەیرانەوە چیمان پێ دەلێ

مێژوو زۆر رووداو و بەسەرهاتی جیهانمان بۆ دەگێڕێتەوە. لەوانە رووداوی سەرهەڵدانی گەلێک قەیران لە کۆمەڵێک وڵاتی جیا جیا کە چۆن سەری هەڵدا و دوواتر چۆن چارەسەر کرا. گەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، دەبینین لە زۆرێک لەو وڵاتانەی قەیرانی ئابووری و سیاسی رووی تێکردبێ بە ماوەکی کەم توانرایە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، لەوانەش نموونەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئەمریکا.

هەر یەک لەم وڵاتانە دووایی ئەوەی تووشی قەیران بوونە بەرەو لێواری لەناو چوون دەچوون، لە پڕێک کەسێکی کاریزمی سەر هەڵدەدات و وڵات لە لێواری لەناوچوون رزگار دەکات بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و چاکسازی، وەک ولیەمی مەزن لە ئەڵمانیا و تالیران لە فەڕەنسا و ئەبرەهام لنکۆلن لە ئەمریکا، هەر یەکێک لە مانە بە سێ جۆر چاکسازییان ئەنجام داوە:-

  • یان سەر لە نوێ حکوومەتی پێشوتری هەڵوەشاندوتەوە و دووبارە دەستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی کردووە.
  • لە ڕێگای هێنانی کەسانی شارەزا و پسپۆر لە دەرەوەی وڵات بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی گونجاو بۆ قۆرتالبوون لەو قەیرانە.
  • یان دانان بەهەڵەکانی پێشتووتر و داوای لێبوردنیان لە خەڵک کردووە، دووبارە دەستیان داوەتە چاکسازی ناوەخۆیی وەک بەکارخستنی کەرتە گرنگەکانی، وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ژێر زەوی، و لەناوبردنی خاڵە لاوازەکانی وڵاتەکەیان. جا چ لە حکومڕانی بێ یانیش هەر هەڵەیەک لە هەر شوێنێکی وڵاتەکەیان بێ لەناویان بردووە. وڵاتێکی وەکو مالیزیا بەمەرەمی چاکسازی بە دەیان هەزار فەرمانبەری دوورخستەوە لە کارەکانیان. ئەوانەی بەرپرس بوون لە قەیرانەکان، سەر لە نوێ هێزی گەنجانی بەکارخست، تەنانەت گەر قەیرانێکی سیاسیش بێ دوواجار کەسایەتیەکی نشتیمانی هەموو ناکۆکیەکانی وەلاوەناوە و هەموو رەنگەکانی لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆکردوتەوە و کێشەکانیان چارەسەر کردووە.

بەم شێوەیە توانرایە بەسەر قەیرانەکان زاڵبن و وڵات لە لێواری لەناو چوون ڕزگار بکەن. ئەوەی گرنگە بلێم قەیرانەکەی ئێمە خەریکە پێ دەنێتە ناو پێنجەم ساڵی، تا ئێستا جگە لە لێدوان کام لەم هەنگاوانە دراوە بۆ تێپەڕینی ئەم قەیرانە، خەڵک تا دێ ئاستی گۆزەران و ژیانی قورستر دەبێ، کەچی تا ئێستا نە حکومەت و نە هیچ لایەنێک هەستیان بەو مەترسیە گەورەیە نەکردووە. نەک هیچ هەنگاوێک نەدراوە، بەڵکو ئێستاش نازانرێ هۆکاری ئەو قەیرانانە لە ئەستۆی کێدایە، هەر یەکە و بەرامبەرەکەی تۆمەتبار دەکات.

Related posts

Leave a Comment