ئەیاد گۆران- چڕە، شێخان*
زۆربەی کاندیدەکانمان لە پشیلەیکی برسی دەچن لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و دیارکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ پەڕلەمانی کوردستان، هەموو حزب و لایەن و کاندیدەکان بە بانگەشە و دروشمی بریقەدار و جیاجیا دێنە سەر شەقام و نێو خەڵک و بانگەشە بۆ چاکسازی و باشترکردنی ژین و ژیاری هاوڵاتیان و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئەوان دەکەن و داوا لە خەڵکی دەکەن کە دەنگیان پێبدن بۆ ئەوەی دەنگییان بە فیڕۆ نەچێت.
کەچی ئەم سیفەتەی ئەوان زیاتر لە سیفەتی پشیلەیەکی برسی کە چەند ڕۆژێکە نانی نەخواردووە دەچێت. بۆیە وتم پشیلە چونکە سیفەتێک لە پشیلە دا هەیە کە زیاتر لە گیاندارەکانی دیکەی جیای دەکاتەوە. ئەویش ئەوەیە کە پشیلە لەو کاتەی برسیە پەنا بۆ هەموو لایەک دەبات تا ژەمە خواردنێکی دەست کەوێت. ئەمە لەکاتێکدا کە پشیلە ژەمە خواردنەکەی دەستکەوت یەکسەر پشت لە خاوەنەکەی دەکات وەک ئەوە وابێت کە خاوەنەکەی هیچ خواردنێکی پێ نەداوە.
ئەم سیفەتەی پشیلەش زیاتر لە سیفەتی کاندیدەکانی خۆمان دەچێت. چونکە ئەوانیش وەک پشیلە لەو کاتەی کە پێویستیان بە خەڵکە و دەیانەوێت خەڵک دەنگیان بۆ بات پەنا بۆ هەموو ماڵێک دەبەن و بەڵێنی جیا جیایان پێدەدەن. بەڵام هەرکاتێک خەڵک دەنگیان پێدەدات و وەک ئەوپشیلە برسیە تێردەبن و دەگەنە جێی مەبەست چیتر لەگەڵ خەڵک و لەناو خەڵک ناژین و ئەو هەموو ئەو پەیمان و بەلێنانەی کە بەو خەڵکە دەدەن پشتگوێی دەخەن و بەدەم داوای خەڵک نابن .
* رۆژنامەوان و خوێندکاری زانکۆ.