دەرنجامەکانی هەڵبژاردن و ئایندەی عێراق لەبەردەم دوو… بەردتاشدا

ئەحمەد سەید عومەر- مەخمۆڕ 

وتەیەکی باو هەیە دەڵێت، سیاسەت (فن الممکنات)ـە. واتا، چەمکی ممکنات و ئەگەرەکان وەك ڕاناوێك بە پاشگری سیاستەوە، زەمینە بۆ هەر کارەکتەرێك و قەوایەرەیەکی سیاسی دەڕەخسێنێت تیایدە بەشێوەیەکی پراگماتیکیی و ئەزموونی، جۆرێك مومارەسەی کایەی سیاسی بکات. بەدیوێکی تر سیاسەت بۆ هەموو کەسێك و هێزێك دروستە و دروست نییە، واتا، دەکەوێتە سەر ئەزمون و لێهاتوویی کەس و قەوارەکان تا چەند سەرکەوتودەبن یا خود نا.

لەدوای دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی (١٢/ ٥/ ٢٠١٨)، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەبەردەم کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئالینگاریدایە. درێژبوونەوەی وادەی پێکنەهاتنی کابینەی تازە، وای کردووە بێئومێدیی لەسەر زیهن و دەروونی شەقامی عێراقیدا بەجی بهێڵێت، کە ئەمەش بە جۆرێك ئاستەنگەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومی و درووستکردنی فراکسیۆنێکی گەورە لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا ئەستەم کردووە، هۆکار زۆر هەنە کە بوونتە بەربەست بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تازە.

هیچ کام لە پارتە سیاسیەکانی براوەی هەڵبژاردن نەیانتوانیوە هاوپیمانییەكی وەها بنکە فروان دروست بکەن، کە بەرمەبنای دروستبوونی فراکسیۆنێکی گەورە کە زۆرینەی قەوارەو هێزە سیاسییەکان لە قزانجی خۆی هەڵقۆزێتەوە لە هۆڵی پەرلەماندا. ئەوەی هەستی پێ ئەکرێت لە ئێستادا چەند هەوڵێك هەنە بۆ پێکهینانی فراکسیۆنێکی گەورە، بەڵام هۆکاری دروستنەبوونی فراکسیۆنی وەها گەورە جیاوازیەکی کەمە لە ژمارەی کورسیەکانی هێزە براوەکان، کە ئەمەش هۆکار گەلێکە پارتە سیاسیەکان ناچار کردووە بەراکێشانی لیستەکانی تر بەلای خۆیانەوە.

بەڵام کێشەی هەرەگەورە پشتگیریکردنی هەرکام لە پارتە براوەکان رەنگە داهاتووی عێراق بخاتە بەردەم ئەگەرێکی نادیار و پرلە کێشمە کێشم و هەڵبەز و دابەزدا، ئەوەی دۆخەکەی ئالۆزتر کردۆتەوە لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا هەژموونی ئێران و ئەمەریکایە، هەریکە لەم دوو وڵاتە ئەیانەوێت هەژموونی خۆیان زاڵ بکەن بەسەر حکومەتی ئایندەی عێراق، بەهۆی ئابڵوقەکانی ئەمەریکا بەسەر ئێران و ڵاواز کردنی پێگەی ئێران لە عێراق و سوریادا.

وەک ئاشکرایە هێزی سەدر لەسەر ئاستی پەرلەمان هێزی یەکەمە، بەڵام هێزی عامری و هەروەها تارادەیەک بەهۆی هاوپەیمانیی مالیکی دەتوانین بلێن، هێزیان لە گروپەکانی حەشد یاخود لەهێزی “بدر” دایە، کەواتە پشتگوێ خستنی هەرکام لەم دوو هێزە رەنگە لە داهاتوودا حەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگر بن بۆ دروستبوونی کێشەی زیاتر، ئەم هۆکارانە فاکتەرێکی ڕوونن بۆ ئەوەی بلێن چوار ساڵی داهاتوو هۆکار گەلێک بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەکێشەکانی عیراق بێت کایەوە، چونکە هاوپەیمانێتییەکی وەها دەشێت ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ دابینکردنی سەقامگیری لەرووی ئاسایش و ئابووری لەشەقامی عیراقیدا.

بەدەرلەمانە رەنگە بەرز بوونەوەی نرخی نەوت و نەمانی شەری داعشیش هیچ کام برینەکانی عیراق ساریژ نەکاتن بەهۆی نەبوونی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

دواجار خاڵی جەوهەری بۆ لایەنەسیاسییەکانی کوردی گرنگەکە تاچەند لە سیاستی “فن الممکنات” سەرکەوت و دەبن لە بەژداریکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێرقدا، چونکی هونەری سیاسی خۆ پیاکردن نییە، یاخود تاقی کردنەوە نیە کە بشێت تیا سەرکەوتن و دۆڕاندنی تیا ئەزموون بکەیت، بەڵك و بونیادی سیاسی پەیوەستە بە لۆژیک و پەیوەندیی دبلۆماسی و ستراتیژییەتی کارکردن لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکاندا.

پسیارەکە ئەمەیە: ئایا، هێزە کوردییەکان هەموو ئەم تایبەتمەندیانەیان تێدایە لە بەژداربوون و بڕیاری سیاسی؟ وەڵامەکەی لە گیرفانی هەرکەسێك دایە بتوانێت سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەو هەروەها بەرژەوەندی لایەنە ئەقلیمی و نێودەوڵەتیان بە قوڵی بخوێنێتەوە.

  • بەرپرسێ راگەیاندنی رێکخراوی رەنگ

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top