دەرکەوتنى دەستکەوتەکانى سەرۆکى هەرێم بۆ تورکیا

ئەوکاتەى ئەمریکا هێرشى کردە سەر عێراق و کوردیش بەشێک بوو لە لایەنى ئەمریکى، بە بەهانەى بوونى گەریلاکانى پەکەکە لەناو خاکى هەرێمى کوردستان. تورکیا ویستى لەشکەرکێشى بکاتە سەر هەرێم و هێزێکى سەربازى زۆرى لەسەر سنوورەکانى کۆکردەوە، سەرۆک مەسعوود بارزانى مەردانە و وەکوو هەمیشە ئامادەیى خۆى نیشاندا بۆ بەرگریکردن لەو هەرێمەى تاکە ئۆمێدى گەلى کوردە و هەڕەشەکان زۆر ترسناک بوون. دواى ماوەیەکى کەم مێزى گفتگۆى نێوان هەولێر و ئەنقەرە دەستپیپێکرد و نێچیرڤان بارزانى وەکو سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بانگهێشتکرا بۆ ئەنقەرە و بە رەسمى پێشوازى لێکرا لە لایەن ئەردۆغانەوە. ئەوەبوو پەیوەندییەکانى هەولێر و ئەنقەرە پەرەیانسەند و کار گەیشتە ئەو رادەیە کە بۆڕى نەوتى هەرێمى کوردستان لە خاکى تورکیا گەیێندرایە بەندەرى جیهانى و لەوێوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئەورۆپا. دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم و داخستنى دەروازە سنوورییەکان، هەر بەرێز نێچیرڤان بارزانى بوو توانى متمانەى تورکیا بە دەست بێنێتەوە و دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە، دواتریش پەیوەندییەکان باشتر لە جاران پێشڤەچۆن، ئامادەبوونى وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە رێوڕەسمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم نموونەیەکى باشە بۆ ئەوەى بلێین پەیوەندییەکانى هەولێر و تورکیا لە ئاستێکى بەرزدان، نەخاسمە دەنگۆى ئەوە هەیە کە تورکیا یەکەم وڵات بێت بە شێوەیەکى فەرمى پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بکات.

ئالۆزییە ناوخۆییەکانى تورکیا و جموجۆلە لاوازەکانى پەکەکە و هەڵبژاردنەکان و، راکێشانى دەنگى کورد بۆ جەهەپە و ئاکەپە بەشێک دەبن لە چارەسەرى هەڵبژاردنەکانى ئیستەنبۆل، لێرەدا سەرۆکى هەرێم دەتوانێ چى بۆ پارتى دەسەڵاتدارى تورکیا بکات کە بتوانێ لە شەڕى پەکەکە و تورکیا و داگیرکردنى بەشێکى خاکى رۆژئاوا لە لایەن تورکیاوە و، نێوانى تورکیا و ئەمریکاش ئەوەندە خۆش نییە و ناتوانین پشت بە هیچ کامێکیان ببەستین، چ گەمەیەکى سیاسى دەتوانین بکەین بۆ ئەوەى لەو ئالۆزیانەش نەگلێین؟ ئاکپارتى پێویستی بە سەرۆکى هەرێمە بۆ ئەوەى بتوانێ دەنگە یەکلاکەرەوەکانى کورد لە ئیستەنبۆل بەدەست بێنێت. داگیرکردنى خاکى رۆژئاواى کوردستان لە لایەن تورکیاوە و قەندیل و تۆپبارانکردنى خەڵکى سڤیلى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و تورکیا مژارێکى دوورودرێژى نێوان هەولێر و بەغدا دەبن. بەڵام پێویستە تورکیا کێشەى قەندیل و هەبوونى گەریلاکانى پەکەکە لە ناو خاکى عێراق لەگەڵ بەغدا یەکلایى بکاتەوە. چونکە هەرێمى کوردستان هەرێمێکى فیدڕالە لە عێراق.

تورکیا و هەرێم بەرژەوەندى هاوبەشیان هەیە، چ وەکوو دەروازە سنووریەکان و چ وەکوو پاراستنى ئەمنیەتى یەکتر و، چ وەکوو هەناردە کردنى نەوتى هەرێم لە رێگەى تورکیاوە، بۆیە پێویستە تورکیا زیاتر لە بەغدا دەست بە هەرێمەوە بگرێت. چونکە هەرێم یەک دەسەڵاتى هەیە و عێراق بە شێوەیەکى گشتى باغچەیەکە پڕ لە گوڵى دڕکاوى رەنگاوڕەنگ، بێجگە لەو فرە کوێخاییە و رەنگ و دەنگى جیاواز. عێراق بە شێوەیەکى گشتى کەوتووتە ژێر هەژموونى ئێران و هەر تاران حوکمى بەغدا دەکات، بۆیە بەرژەوەندى ئەنقەرە زیاتر لەگەڵ هەولێرە. لێرەدا راگرتنى باڵانسى نێوان هەولێر و ئەنقەرە دولایەنەیە، سەرۆکى هەرێم پێشینەیەکى دیپلۆماسى و دۆستایەتییەکى باشى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى تورکیا هەیە و پێشتریش چەندین گرێ کە بە ددان نەدەکرایەوە، سەرۆکى هەرێم زۆر بە ئاسانى بەدەستى دەکردەوە، ئێستاش متمانەیەکى تەواو هەیە کە سەرۆکى هەرێم، هەرێمى کوردستان بەرەو قوناخێکى باشتر دەبات. سەردانى ئەم دواییەى سەرۆکى هەرێم بۆ تورکیا، چەندین دەستکەوتى هەبوو، گرنگترینیان ئازاد کردنى دەمیرتاش و دەنگۆى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتییە لە تورکیا، ئەمە بێجگە لە دەرکەوتنى چەندین دەستکەوتى دیکە لە داهاتوودا، وەکوو زیادکردنى ئالۆگۆڕى بازرگانى و تێکگەیشتنى نێوان هەولێر و ئەنقەرە و، هەماهەنگى پاراستنى سنوورەکان و ئاسانکارى کردن بۆ گەشتیاران و، پەیوەندییە دیپلۆماسى و بازرگانییەکان.

(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top