لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کایەکانی ڕاگەیاندن لە جیهان و بەتایبەت لە کوردستان، ڕۆژانە دەزگای ڕاگەیاندنی زۆر و بۆر، بێ ئەوەی بە هیچ فلتەرێکی ئەکادیمی و ئیتیک و ڕێسای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی دا بچن، دەست بە وەشاندنی خۆیان دەکەن. ئەم ئەکادیمی نەبوونەش تا ڕادەیەکی زۆر قەیرانێکی گەورەی هەم بۆ میدیا و هەم بۆ کۆمەڵگە دروستکردووە. کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بیستراو، بینراو، خوێنراو و سۆسیال میدیا، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، ڕووبەڕووی قەیرانێکی تر بویەوە. بەو پێیەی ئەوەندە کار بۆ یەکەمین بوون لە نیشاندانی هەواڵ و بابەتەکە کرا، ئەوەندە بیر لە ئیتیک و ڕێسای چۆنیەتی گەیاندنی هەواڵەکە نەکرا. ئێستاش کەناڵە هونەریەکان بوونەتە دەردێکی کوشندەی کۆمەڵگەی کوردی، بەو پێیەی زۆرترین بینەر لەخۆیان کۆدەکەنەوە. کاریگەری گەورەش لە کۆمەڵگە دروست دەکەن، هەڵبژاردن و نیشاندنی درامای وەرگێردرا و بیانیەکان، خەریکە بە تەواوەتی هونەری کوردی لە بیر کۆمەڵگە ببەنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوەندەی خەمیان پەیداکردنی لایەنی ماددیە، ئەوەندە لە بیری بابەت و ئامانجی دراماکە دا نین. بەبێ ڕەچاوكردنی سەرەتاترین بنەما و ڕێساكانی كاری میدیای بابەت و ژانەرەكانی ڕۆژنامەوانی و ڕێزگرتن و حساب بۆ کردنی کلتور و کۆمەڵگەی کوردی، دەست بە وەشاندنیان دەکرێت.
بەمەش بێجگە لە زیانە زۆرەكانی، ڕەنگە لە دورترین مەودادا چاك نەبێتەوە و نەوەیەک لە کلتوری وەرگیراو، و میدیاکاری تووشبوو بە نەخۆشی قەیرانی ڕاگەیاندن بێننە ئاراوە، جا بە مەبەست، یاخود بەبێ مەبەست لەسەر ئەم ستایلە بڕۆن. بەردەوام بوونی قەیرانی میدیا لە کوردستان، بۆتە هۆی بێزارکردن و تێکدانی شیرازەی خێزان و ماڵباتی کوردی، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیبابوونە و تاوانەکان، وەک یەکێک لە لێکەوتەکانی، بۆیە پێویستی بە تیمارکردنێکی بەپەلە هەیە. جا یان ئەوەتا وەزارەتی ڕۆشنبیری، ڕۆشنبیریانە و بەرپرسیارانە بەرامبەر بەم قەیرانە مامەڵە دەکات و لەگەڵ ئەکادیمیایانی بواری ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەستنیشانی خاڵە كەم وكورتی لاوازەكانی بكەین، و پێكەوە هەم خوێنەر هەم بینەر و بیسەر و دواتر كۆمەڵگە لەم تەنگەژەیە ڕزگار بكەین، بەتایبەت لەو دابەشبوونە فراوانەی میدیا بەسەر ڕاگەیاندنی حزبی و سێبەر و ئازادا، و هەماهەنگ بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، یاخود بە چاوی ململانێ و پێشێڵی دیموکراسی، لێیانەوە دەڕوانن و چارەنووس و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و نەوەی نوێ، دەداتە دەستی میدیایەکی قەیراناوی مەترسیدار.
(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)