زیاد لە (۱٥) ساڵە نوێنەرانی کورد لە بەغدابە پۆست و دەسەڵاتی بەهێزەوەش هیچیان بۆ کورد بەدەست نەهێناوە، جگە لە نەهامەتی هیچیتر نەبوونە، جگە لە حیزب و کاسەلێسەکانی حیزب کەسیتر سوودمەند نەبووە لە دەسەڵات و پلەو پۆست و پێگەی کورد لە بەغدا. بۆ مادەی (۱٤۰) بچووکترین هەنگاوتان نەناوە، بۆ مووچەو بوجەی کورد بچووکترین هەنگاوتان نەناوە، بۆ دەسەڵاتی کورد لەناو سووپاو وەزارەتانی حکومەتی عێراقی یەک هەنگاوتان نەناوە. لە هەمووشیان پاشەکشەتان کردووە بەرەوپێشچوونێکتان نییە، رۆژ دوای رۆژ دەسەڵاتی بەغدا بەهێزترو زاڵمتر دەبێ بەرامبەر خەڵکی کوردستان، جگە لە وەرگرتنی مووچەکەتان بچووکترین کارو کاردانەوەتان نەبووە. ئێوە بارن بەسەر خەڵکی کوردستان، ئێوە دژایەتی کوردتان کردووە، بەس یەک جاریش بۆ چاوی کامێراکانیش بەرگریتان لە مافی ئەو میللەتە نەکردووە کە ئێوەی بۆ ئەوێ ناردووە تا مافەکانیان نەخورێت. (۱٥) ساڵە گیرفان نەما پری نەکەن، گرد نەما نەیکەن بە ڤێلاو کۆشک، هەوێنەهەوار نەما سیمی لێنەدەن و داگیری نەکەن، ئەوی پێرزەوی نەما لە ڤێلاو پێلاکاتان بەهەدەری بدەن، وڵات نەما پارەی تێدا هەڵنەگرن، یانەشەوانی و بارو قۆمارخانە رەنگاو رەنگەکانی دنیا نەما لێی بێزار نەبن، دەستی دوژمن نەما ماچی نەکەن، تاکێکی کورد نەما بێبەش بێ لە زوڵم و ستەم و چەوسانەوەکانتان، شارو گوند و دێ نەما هەرزان فرۆشی نەکەن، لە سەرۆک کۆمار تا فەرمانبەرێکی سادە لەسەر پشکی کورد شەرم ناکەن بەخۆتان بلێن کورد و نوێنەری کورد لە بەغدا؟
ئێستا سوتاندنی بەرهەمی گەنم و جۆ و داکیرکردنی شارۆچکەو گوند و زەوی کشتوکاڵی کوردەکان لەلایەن (برا عەرەبەکانەوە) گەورەترین پرسی کوردە جگە لە بەیاننامە هیچتان نەکردووە، ئەی باشە ئەرکی ئێوە چییە؟ ئەی پێشمەرگە بۆ رۆژێکی وەک ئەمرۆکە و بارودۆخێکی ئاوا نەبێ بوون و نەبوونی سوودی چییە؟ ئەی نوێنەرانی کورد لە دادکای فیدڕاڵی بۆ چییە؟ بەس بۆ پۆست پڕکردنەوەو وەرگرتنی پۆست و پارەیە؟ جگە لە مل شکاندنی یەکتر ئێوە چیتان کردووە چیتر دەزانن؟ دروشمی (یان کوردستان یان نەمان) بۆ ئەمرۆ نەبێ بۆ کەیە؟ بۆچی پێشمەرگە نایەتە سەرهێڵ و سنوورێ بۆ ئەو وەحشی گەرایەتیەی (برا عەرەبەکان) دابنێت؟ عێراق تاکە وڵاتی دنیایە چەتەگەرایەتی و ملهوڕی بە ئاشکراو بێ سڵکردنەوە لە یاسا دەکات، کەی کاتی ئەوە دێت سنوور بۆ ئەو هەموو سووکایەتی و داگیرکاری و دەستدرێژییە دادەنرێ؟ گەر لەو رووداوە گرینگانەی ئێستای کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان جگە، لە تەماشاکار هیچ رۆڵێکتان نەبێ، ئێوە نا بەڵام روورەشی و ئەوپەری شەرمەندەییە گەر ئەمجارە میللەت بۆ ئێوە بچێتەوە سەر سندووقی دەنگدان. چونکە زیاتر لە (۱٥) ساڵە جگە لە نۆکەری حیزب و شیعە بچووکترین دڵسۆزیتان بۆ کورد و کوردستان نیشان نەداوە. ئیتر کاتی بەکارهێنانی هێزە، چونکە نە نوێنەرەکان نیازی هیچ شتێکیان بۆ کورد هەیە، نە حکومەتی عێراقیش گوێ لە بەیاننامە و هەڵوێست دەگری.
· نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل هەولێر.