ناهۆشیاری شۆفێری هۆکارێکی سەرەکی رووداوەکانی هاتوچۆ و قەرەباڵغی شەقامەکانە لە کوردستان. جگە لەوەش سیمایەکی زۆرناشرین دەداتە شەقام و رێگاکانی هاتوچۆ دەخنکێنێت، هونەرو رەوشتی شۆفێر لە پێداویستیە هەرە گرینگیەکانی شۆفێرانە لە جیهاندا، زێدەباری نارێکی و خراپی رێگاکانی هاتوچۆ لە کوردستان. بەڵام لە لێرەدا بەداخەوە کەموکورتی لە هونەرو رەوشتی شۆفێراندا هەیە، کە پێویستی بە چاکردن و پەروەردەکردنی شۆفێران هەیە، بەزەبری یاسای پێبژادن و سڕکردنی مۆڵەتەکەی، کێشەی شەقام چارەسەربکرێ تا ئاستی نەمان. لێرەدا بە چەند خاڵێک باسی دیاردە ناشرینەکانی شۆفێران لەسەر شەقامەکان دەکەم. یەکەم: رانەوستانی شۆفێران لە ترافیکەکان، لەدوای تەواو بوونی دەوامی فەرمی پۆلیسی هاتوچۆ، جارێک (محەممەد کەلاری) هاورێم نزیکی کاتژمێر (4:00) بەیانی پەیوەندی پێوەکردم وتی (هاوکار گیان کارزانی برام لە دەرەوە هاتۆتەوە ئێستا لە فڕۆکەخانەیە گەر بچیتە دوای) چوومە فرۆکەخانە کارزانم هەڵگرت نزیکی کاتژمێر پێنجی بەیانی بوو، زۆر شەمەزاربووم کاتێ لە یەک ترافیک لایت هیچ سایدێک لە گڵۆپی سوور راینەدەگرت، کارزان وتی ئەوە چییە بابە ترافیکی سوور پێیە بۆچی کەس ناوەستێ؟ بەدەنگێکی پڕ لە داخ و تۆرەیی وتم لێرە وایە دوای کاتژمێر (12:00) شەو تا دەوامی پۆلیسی هاتۆچو کە بەیانی دەبێتەوە یەک شۆفێر لە ترافیک ناوەستێ، ئەوەش هەست نەکردنە بە بەرپرسیارەت. پێویستە بە زبری سزای پێبژاردن ئەو دیادە ناشرینە بنبڕ بکرێت. کە ئەو دیاردە ناشرینە سیمای شارستانی وڵات ناشرین بکات.
دووەم: هەر لە ترافیک وەستانی شۆفێر لە سایدی سوڕانەوە بۆ دەستەراست، هەموو کات لە زۆربەی ترافیەکەکان بەتایبەت شەقامە قەرەباڵغەکان، هەر ترافک لایتی سوور پێبوو هەموو سایدەکان دەگیرێن. ئاخر شۆفێرێک کە بۆ ئاراستەی دەستە راست دەسورێتەوە چ پێویست دەکات وەک ئەوانیتر لە ترافیک بوەستێ تا گلۆپی کەسک هەڵدەبێ، بەتایبەت ئەو ترافیکانەی لە نەخۆشخانەکان نزیکە؟ بۆچی من دەوامم هەیە یان نەخۆشێکم لای بەپەلەم لە سایدی یاسای خۆم، کە نەوەستانە وەک جەنابی شۆفێری نابرپرس بوەستم؟ ئەوە کات دزین نییە؟ خۆی (30 ب 40) چرکە درەنگ کەوتن نا، زووتر نەگەشتن من بۆ چەندین خولەک لەو ترافیکە بێ کار رابگرێت. یانی نزیکی پێنج خولەکێک زیاتریش، کاتی من ببات، چیە جەنابیان دڵی توند دەبێ وەک ئەو خەڵکە لەرێز بوەستێ، ئەوە کات دزین نییە؟ پێویستە پۆلیسی هاتوچۆ زۆر ئاگاداری ئەو سیادانە بێت، هەر شۆفێرێک هاتەوە ئەوێ یان سزای بدات، یان بە زۆر بیسۆرێنێتەوە و بینێرێتە شەقامەکەی دەستە راست. سێیەم: پابەند نەبوون بەخۆبەستانەوە، گەر ترسی پۆلیسی هاتوچۆی نەبێ، زۆرێک له شۆفێران هەرگیز ئامادە نییە خۆی ببەستێتەوە. راستە خۆنەبەستانەوە زیانمەند خۆیەتی، بەڵام لەم وڵاتە جیاوازە، چونکە لەحاڵەتی پێکدادان، بچووکترین زیان بەرارمبەرت دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارەت، نینۆکێکی بشکێت چجای بگاتە حاڵەتی مەترسیدار دەبێ شۆفێری بەرامبەر باجی کەمتەرخەمی شۆفێری سەرپێیکار بدات. بۆیە پێویستە سزاکەی زۆر بێت تا گیانی خۆی بپارێزێ و ماڵی هیچ کەسێکیش وێران نەکات.
چوارەم: پابەند نەبوون بە یاسای هێلی، کە وێڵکراوترین و گرینگترین یاسای جوانی شەقام، نەهێڵانی قەرەباڵغی، کەمکردنەوەی پێکدادان و سیمایەکی بەرزی شارستانیەتە. گەر هەر شۆفێرێک لەسەر هێلێک بە خێرایەکی دیاری کراو بڕوات هەرگیز شەقام ناخنکێت، نە قەرەباڵغی دروست دەبێ نە پێکدادنیش روودەدات. تەنانەت لە سیستەمی کامێرای خێرایش ئەو یاسایە رەچاو ناکرێ. هیچ رەوایەتی تێدا نییە شەقامێکی پێنج سایدی هەر پێنج ساید یەک خێرایی هەبێ، لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو، هەر هێڵ و خێرایی تایبەت بەخۆی هەیە، یانی لە سایدی دەستە چەپ کە پێویستە لە هەموو سایدەکان خێراتر بێت، تۆ لەوێ هێواش لێبخوری تۆشی سزای پێبژاردن دەبیتەوە، بە پێچەوانەشەوە. بەڵام لێرە شتی وانییە، ئۆتۆمبێڵ دەبینی رێک هێڵی شەقام لەناوەراستی ئۆتۆمبێڵەکەیەوەیە، بەمەش دوو ساید دەگرێ. هیچ ئۆتۆمبێڵێک ناتوانێ لە سایدی خۆی بە تەنیشتیدا تێپەرێت. هیچ شۆفێرێکیش بەبێ هەڵکردنی نیشانەی چوونە لا مافی نییە بچێتە هێڵەکانی تەنیشتی، بۆ سەپاندنی ئەو ئاسایەش باشترین چارەسەر زۆرکردنی کامێرای چاودێری شەقامە. پێنجەم: هاوکاری نەکردنی پیادە، یەکێ لە خۆرەوشتە ناشرینەکانی بەشێک لە شۆفێرانە، کەی پیادەی بینی بەنیازی پەڕینەوەیە لەسەر شەقام ئەو خێرایەکەی زیاتر دەکات، تا لە پێش ئەودا نەپەڕێتەوە. ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ رەوشت نزمی ئەو شۆفێرانە، کە هیچ گیانی هاوکاری تێدانییە، بەتایبەت لەگەڵ پیادەی بەتەمەن یان پەککەوتە. وادەزانێت هێواش پەرێنەوەی ئەوانە، دوای دەخات لە گەشتن بە شوێنی مەبەست. بەڵام چەند درەنگ بگات ناگاتە ئەوەی کارەکەی دوابخرێت، یان گیانی ئەو هاوڵاتیە بکەوێتە مەترسیەوە. بۆیە بڵاو کردنەوەی هۆشیاری لەو بوارەدا زۆر گرینگە، گیانی هاوکار لای شۆفێر پێویستە لە رەوشتە بنەرەتیەکانیدابێت.
شەشەم: زیاد لە پێویست خێرا لێدەخوڕێت، هیچ پێویست ناکا شەقام خۆی خێرایەکەی لە (60km/h) دیاری کرابێت شۆفێر (+120km/h) بڕوات، کە زۆربەی جار پێکدادانی سەختی لێدەکەوێتەوەو مرۆڤ تێدا دەبێتە قوربانی. وڵاتەکەی ئێمەش لەو وڵاتانە نییە خەڵکەکەی پر کارو ئیش بێت شەری بەدەستهێنانی کات بکات، زۆر زۆر ئەوەیە پێنج خولەک زووتر دەگاتەوە ماڵ دەچێتە سەر فەیسبوک و پەبجی و ئەوشتە بێ سودانە. چەندین ساڵە بە ئێستاشەوە نەگەشتمە ئەو هۆکارەی کە شۆفێر هیچ کارێکی بەپەلەی نییە خێراش ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، بۆ؟ حەفتەم: سەیر نەردنی ئاوێنەی لاکان، پێویستە زۆربەی کۆمپانیکانی ئۆتۆمبێڵ دروست کردن ئەو ئاوێنانە هەر نەبەستن. ئاخر لەو وڵاتە بەدەگمەن شۆفێر لەکاتی رۆشتن بۆ لا سوود لەو ئاوێنانە وەردەگرێت. خۆم لەگەڵ شۆفێر بوومە بە دڵی خۆی زاک زیک لەناو ئەو ئۆتۆمبێڵانە دەکات، تەنها بۆ جارێکیش سەیری ئاوێنە ناکات، کە یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی پێکدادانەلەو وڵاتە. چاسەریش ئەوەیە شۆفێر کە مۆڵەت وەردەگرێ زۆرترین رێنمایی بەکارهێنانی ئەو ئاوێنانەی پێبدرێت.
هەشتەم: گرینگی نەدان بە نیشانەی لاکان، زۆر بە کەمی دەبینین بەتایبەت لە چوونە هێڵەکانی تەنیشت، ئۆتۆمبێلێک بچێتە هێڵەکەیتر نیشانەی چونەلا بداتە ئۆتۆمبێڵی دوای خۆی. خۆم زۆرترین کێشە رووبەرووم بێتەوە لە شەقام ئەو گرینگی نەدان بەو خزمەتگوزرایەیە، بەتایبەت لە چونە سەر هێڵەکانی تەنیشت. زۆربەی شۆفێران لە حاڵەتە نیشانەی لادانی لا، پێناکەن بۆ ئۆتۆمبێلی دوای خۆیان. بەمەش پێکدادان روودەدات و سیمایەکی ناشرینی شەقام نیشان دەدات. نۆیەم: شۆفێری تەکسی بێرێزی بە ئافرەتان دەکەن: زۆرێک شۆفێری تەکسی کاتێک ئافرەتێ هەڵدەگرن تا دەیگەیەنێتە شوێنی مەبەست لە ئاوێنەکەی بەردەمی بێزاری دەکات، یان بە زۆر دەیەوێ دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ بکاتەوە، ئەوەش ئەوپەڕی بێ رێزیە بە ئافرەتان. لەو حاڵەتەش پێویستە ئافرەتەکە راستەوخۆ داوای راگرتن و دابەزین بکات، وە ناوەندێکیش هەبێ تایبەتبێت بە بێرێزی شۆفێران بە سەرنشینەکان کە سزایەکی توند بدرێت تا جارێکیتر رەفتاری وانەبەجێ دووبارە نەکاتەوە. ئەمانەو زۆر خاڵ و سەرپێچی و پابەند نەبوونی شۆفێر بە یاساو رێنمایەکانی هاتوچۆ ناشرینترین سیماکانی شەقامەکانی کوردستانە، پێویستە بەزوترن کات چارەسر بکرێت. لە وتارێکی پێشتور ئاماژەم پێدابوو، یاسا بە تاتی تاتی سەرپێناکەوێ، دەبێ بەشەق سەرپێی بخەی، شۆفێری هیچ هونەرو رەوشتێکی تێدایە؟
· نوونەری رۆژئارتیکڵ لە هەولێر