ئایا ئافرەت لاوازە؟

لە سەرەتایی شارەستانیەوە تاکو ئێستا ئافرەتان شان بەشانی پیاوان لەهەموو لایەکەوە کاریان کردووە. لەکۆنەوە پیاو کاری ڕاو و جەنگی لە ئەستۆ گرتبوو و ئافرەتیش کاری کۆکردنەوەی خۆراک و ئەنجامدانی کاری ئاسایی رۆژانەیان لە ئۆردوگاکاندا لە ئەستۆبووە. کاری پیاو بە سروشت نزمتر بووە، چونکە ئافرەتان بە حوکمی پێکهاتەی تایبەتی جەستەی ناچاربوون لەیەک شوێن نیشتەجێ ببن و منداڵ پەروەردە بکەن. گرینگترین کار لە رێگەی ئافرەتانی نیشتەجێی ماڵانەوە ئەنجامدراوە نەک لە رێگەی ڕاووشکاری پیاوانەوە، ئامادەکردن و دابینکردنی خۆراک کە گرینگترین، بنەڕەتیترین و کۆکترین پێداویستی مرۆڤە لەلاین ئافرەتەوە ئەنجام دراوە. بەڵێ ئافرەتان پتەوترین رۆلی کۆمەڵایەتیان لە ئەستۆدا بوو، کە بریتی بووە لەکۆکردنەوە و دابینکردنی خۆراک و ئازووقە لەو قۆناغەدا کە ڕاووشکار هێشتا جارجار بەرێکەوت ئەنجام دەدرا و پیاوان زۆربەی کات بەدەستی بەتاڵ دەگەڕانەوە. کۆمەڵ بەو خۆراکە دەژیا کە لەلاین ئافرەتانەوە کۆدەکرایەوە. ئافرەتان وێڕای پەیداکردنی خۆراکی رۆژانە، ئەرکی پاشەکەوتکردنی خۆراکیان بۆ ئایندەش لە ئەستۆدا بووە. بەمجۆرە دەردەکەوێ کە بڕبڕەی پشتی کۆمۆنە سەرەتاییەکان ئافرەت پێکی هێناوە. ئەمە تەنیا سەرەتا و دەستپێکردنی کاری ئافرەت بوو. پێویست ناکات لێرەدا بەدوای بەڵگەیدیدا بگەڕێین بۆ سەلماندنی رۆلی ئافرەت لەو جۆرە کۆمەلگایانەدا. وەختی پیاوان سەرگەرمی گەڕانبوون بەدوای گیانلەبەران و ڕاووشکارەوە، ئافرەتان سەرگەمی بەرهەمهێنای وەک: چەرم، ئامان، قاپ، قاچاخ و کوخ دروستکردن و پیشەی دەستی لەبوارە جیاکاندا بوون وەک: بەنایی، پزیشکگەری و پەرەپێدانی جۆرەکانی زانست. لە کاتێکدا هەوڵ و کۆششی ئافرەتان لەبواری زەوی کێڵاندا بە ئامێری سەرەتایی بەرە بەرە گۆڕا بۆ پەیدابوونی کشتوکاڵی.

ئافرەتان لەلایەکی دێیەوە بەرێگەی مالیکردنی گیانلەبەرانەوە گەیشتنە قۆناغی مالاتداری ئەم پێشکەوتنە سەرەکییانە، نەک هەر پایەی شارەستانیەتی دامەزراند، بەڵکو پیاوانیش لەکۆت و زنجیری ڕاووشکار ئازادکرد و دەرفەتی بۆ رەخساند کە بەرە بەرە بەشداری شێوە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان بکەن و لە ئەنجامدا دەسەڵات وەربگرن. کەواتە هەر ئافرەتان بوون کە وەکو یەکەمین زانایان، پەرستاران، مامۆستایان، ئاڵاهەلگرتنی کەلەپووری رۆشنبیری و پیشەیی گرینگترین ئەرکیان لە دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیدا لە ئەستۆ بووە نەک پیاوان. گەورەترین هەڵەیه ئەو کەسانەی کە کوێرانە لایەنگری لە رەگەزی نێرینە دەکەن، ئەوەیە کە سەرلەبەری ئەرکە قورسەکانی ئافرەتانی چینە سەرەتاییەکان بەو کارە بچکۆلانانە دەشوبهێنن کە مالەوە ئەنجامدەدرێ. ژنان بۆیە بەشداری ڕاویان نەکردووە، چونکە پێکهاتەی جەستەیان ناسکە سکیان پڕ بووە. رەگەزی مێ لەباری توانا و هێزەوە هیچی لە رەگەزی نێر کەمتر نییە، خوای گەورە چونکە خۆیی ئادەمیزادی خولقاندووە، هەر خۆشی دەزانێ پێکهاتەی جەستەیی و دەروونی بۆ چ کارێک گونجاوە و بەرگەی کام کار دەگرێت ئەوا بۆی ناگرێت، ئەوا لەسەری فەرمان نەکردووە کە بیکات. هەروەها خوای گەورە ئاگادارە بەوەی کەوا ئافرەت ناسکترە، کاری فسیۆلۆژی منداڵبوون، شیرپێدان و پەروەردەکردنی لەسەرە کە ماوەکانیان درێژە و ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی زۆر پێوەبەندە. هەروەها ئافرەتانیش زۆرجار لە کاروباری ڕامیاری و بگرە سەربازیش بیروبۆچوونی جوانیان بە مێشکدا دێت کە دەبێتە هۆی دامرکاندنەوەی ئاژاوەیەک، یان سەرکەوتنی بەرنامەیەک یان دەربازبوون لە تەنگژەیەک.

لەسەرەدمی ئێستاشدا بەتایبەتی لە کوردستان ئافرەتان شانبەشانی پیاوان لە هەموو بوارەک کار دەکەن و شوێنی پەنچەیان دیارە هەر لە بواری پەروەردە، تەندروستی، سیاسی، هونەری، سەربازی بگرە لە کارگە و کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی تەیار و سەیارە ئافرەت رۆلی سەرەکی دەبینی یەکێک لەوانە کۆمپانیایلامۆرجین، بیجۆ، ئەمریکۆڵ و…هتد.” وە چەندین ئافرەت بە کارەی چنین و دوورمان و دەستی خۆی بژێوەی خێزانەکەی دابین دەکات، دووکان و بڕاندی تایبەت بەخۆیان هەبێت وەکو بڕاندی (چۆپی دیزانیس، H&l design، رۆزە دیزاین، MoMo Academy) و چەندی تر. جگە لەوەش ئافرەت ئەرکی ماڵ و منداڵیشی لەسەر شانە، ئەگەر تەمەشای ئەرکەکانی سەر شانی ئەو دوو رەگەزە بکەین بە شێوەیەکی گشتی دەبینین زۆر لەیەکەوە نزیکە. ئەو جیاوازەیەی کە هەیە تەنها لە دەروازەی گونجاوی شیاوی یەکێکیانە زیاتر لەوەی تر بۆ هەندێ کار، گونجاوی وشیاوی ئەوەی تریانە بۆ هەندێ کاری تر. هەروەها کاتێک خوای گەورە کاتی باسی ئەوە دەکات کەوا ئادەمیزاد جێنشینی ئەوه لەسەر زەوی مەبەستی هەردوو رەگەزە، چونکە بەبێ ئەو دوو رەگەزە مەبەستی جێنیشایەتی نایتەدی کە ئاوادانکردنەوەی زەویە بەهۆی نەوەکانی ئادەمیزادەوە. بۆ هەردووکیان بەرنامەی داڕشتووە و کارەکان و مافەکانی دیاری کردووە. هەروەها تەماشاکردنی هەردوو رەگەز بەیەک چاو، چونکە سروشتی مرۆڤایەتیدا یەکسانن، هیچ یەکیان لە بنەمای مرۆڤایەتی لەوی تریان زیاتر نیە، هیچیان ڕێز و فەزلی بەسەر ئەوی تریانەوە نیە، تەنها هەندێ فەزل هەیە لە پێکهاتە یەکیان بەسەر ئەوی تر، ئەویش شتێکی خۆڕسکە لەژێر کۆنترۆلی خۆیاندا نیە، واتە بەدەست خۆیان نیە. کاتێک ئافرەتێک خۆی دەکوژێت پێی مەلێ لاوازە، چونکە کەسی نەبووە گوێی لێبگرێت، غەمەکانی کەم بکات، هەمان مامەلەی پیاوەکی لەگەڵدا بکرێت، لەبەر سۆز و عاتیفیان ئافرەتەکان بە لاواز دەرمەخەن! بۆیە پێویستە واز لەو ئەقلیەتیە کۆنە بهێنن بلێین ئافرەت لاوازە و بێ دەسەلاتە! ئەو کارەی بە ئافرەت دەکرێت پیاو پێی ناکرێت، چونکە ئافرەت دەبێت بەدایک دایك.

(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top