ژینگەی کوردستان یەکێکە لە جوانترین و خۆشترین ژینگەکانی جیهان، و سەرەڕای کیمیاییکردنی هەندێ ناوچەی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، ئێستاش ژینگەی کوردستان بە یەکێک لە پاکترین ژینگەی جیهان دادەنرێت. ژینگەپارێزی واتە خۆشەویستی بۆ وەڵات و نیشتیمان. لەهەر شوێنێک یان هەر وەڵاتێک ژینگە پارێزراوبێت ئەوا ژیان بەردەوامە و خۆشتر لێدێت. بۆیە لەسەر هەموو کەسێکە ژینگە بپارێزیت و هیچ کات وا نەکات ژینگە پیس بکات، بە فڕێدانی زبڵ و خاشاک و چەندین ماددەی تر. بەڕاستی ئێمەی کورد زۆربەمان ژینگەی خۆمان خۆشناوێت، چونکە به بەردەوامی پیسی دەکەین و نامانەوێت خاوێن بێت. دەچینە هەر شوێنێکی گەشتیاری یان شوێنێکی تر دەبینین پیسە پاک و خاوێنی لەو شوێنەدا بوونی نییە. ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و نارۆشنبیری کۆمەڵگاکەمان، بە تایبەتی ئێستا کە ئێمە لە وەرزی بەهار و نەورۆزین.
بینیمان لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە هەزاران شوێن لە کوردستان و تەنانەت لە چەندین وەڵاتی تر لە لایەن کوردەوە ئاگری نەورۆز کرایەوە، کە هەموو سالێک لەم رۆژەدا کورد ئەو ئاگرە دەکاتە بە بوونەوەی رزگاربوونی لە خوێن رێژتن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە خۆمان ژینگەی خۆمان پیس کرد. زۆرێک لە شارەکان یان دێیەکان (گوندەکان) ئەو ئاگرەیان بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل هەڵکر که دەبێت بە دار هەڵکرێت بۆ ئەوەی ژینگە پیس نەبێت. ئەوەش بووە هۆی پیسکردنی ژینگە، کە چەندین نەخۆشی لەگەڵ دێت. هەروەها زۆرێک لە کەسەکان کاتێک دەرۆن بۆ گەشت و گوزار پاشماوەی خۆیان پاکناکەنەوە. جگە لەوەش شتی تر فڕێی ناو ژینگە دەدەن، وە هەروەها دەبینین زۆر لە کەسەکان کاتێک ئەرۆن بۆ مارکێتێک شتێک دەکڕێت پاشماوەکەی فڕێی سەر زەوی دەدات بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانێ کە دەبێتە هۆی پیس بوونی ژینگە. هیچ جارێک نەمان دیتووە کەسێکی بیانی بێت ژینگەی ئێمە پیس بکات هەر خۆمانین پیسی دەکەین.
پاراستنی ژینگەی کوردستان ئەرکی شانی هەموو هاوڵاتییەکە بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت. چونکە کوردستان بە ژینگەکەیەوە جوانە، هەر وەڵاتێک یان شوێنێک یان ناوچەیەک ژینگەکەی پاک و خاوێن بێت، ئەوا دەزانین خەڵکی ئەو شوێنانە رۆشنبیرن و ژینگەی خۆیان خۆشدەوێت. لە ئێستادا که لە وەرزی بەهار و جەژنی نەتەوەیی نەورۆزین خەڵکێکی زۆر دەچن بۆ گەشت و گوزار بەرەو ناوچە گەشتیارییەکان. پێویستە چۆن مالی خۆیان بە پاک و خاوێنی دەپارێزن، ئاواش ئەو ناوچانەش بە پاک و خاوێنی بپاریزن. چونکە هیچی کەمتر نییە لە مالی خۆتان، وە ئەگەر چوونیش بۆ هەر شوێنێک یان وەڵاتێک دەبێت ئەوێش بپارێزدرێت.
- نوونەری رۆژئارتیکڵ لە بەردەرەش و قوتابی بەشی رۆژنامەوانی ئەلیکترۆنی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک