پێکدادانەکانی کەلتووری مۆدێرنە و خۆماڵی

ئێستا جیھان گوندێکی بچوکە و یەک مۆدێل و یەک کەلتوور خەریکە باڵ بەسەر گۆی زەویدا ئەکێشێت. بەڵام لێرە و لەوێ کەلتوور و مۆدێلەکانی جیھانی مۆدێرنە و تەکنەلوجیا تا ئێستا رێژەیین، ولێرە و لەوێ چەندایەتی و چۆنیایەتی دەگۆرێن. ھێندە بەھۆکاری شوێنی جۆگرافیا ناگۆرێت، بەلکو ھۆکاری سەرەکیان ئابووری وڵاتانە و کاریگەری راستەوخۆی ھەیە لەسەر چەندایەتی و چۆنیایەتی گەشتنی ئەم کەلتوورە گلۆبالانە. لە ھەموو جیھان ھەنە وە بەتایبەت ئاسیا و ئەفریقیا زۆرینەن ئەم وڵاتانەی کە ھاوڵاتیانی ھەژار نشینن و تەکنەلۆجیا بەم شێوەیە نەبۆتە پێداویستی لەپێشینەی ھاوڵاتیانی. تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بەدوای دابینکردنی بژێوی ژیان کەوتوون و ناپڕژێنە سەر دابینکردنی پێداویستیە تەکنەلۆجیەکان تا لەم رێگایەوە بە دونیا بگەن. بۆیە ئەم مۆدێلە جیھانیانە سستر پێیان ئەگات یا ئەوەتە ھەر ناگات. لەم وڵاتانە کەلتووری خۆمالیان ھەمیشەییان باو دەبێت و زیاتر ئاینی تر و نەریتر و لاگیرتر دەبن. بەپێچەوانەوە وڵاتانی پێشکەوت و بەرھەمھێنەرانی تەکنەلۆجیا وەک وڵاتە پێشکەوتووەکانی رۆژئاوا کە پشکی شێریان لەم دونیا مۆدێرنە و گڵۆبالە بەرەکەوێت، و ھاوڵاتیانیان بە گشتی نەوەک تەنھا تێکەل بەم کەلتوورە جیھانیانە بوونە، بەلکو ھەر خۆیان خاوەنداریەتی ئەم مۆدێلانە دەکەن و تاکەکانی ئەم کۆمەلگایانە خۆیان بەرھەمھێنەی پێداویستیەکانی جیھانگیرین. ھەر بۆیە کەلتوورەکانی خۆشیان بە جیھانی دەکەن. وە توانای ئەوەیان ھەیە کەلتووری خۆیان بسەپێنن و بە زندو بیھێڵنەوە بگەڕێینەوە سەر یاسای داریۆنزم (دواجار مانەوە بۆ بەھێزەکانە).

وڵاتانی بەکارھێنەرانی تەکنەلۆجیا، کە تەکنەلۆجیا بووەتە پێداوستی لەپێشینەی و بەردەوامی گشت ھاوڵاتیانی. وە ھاوڵاتیانی ئەم وڵاتانە ئابووریەکی باشیان ھەیە بۆ وەرگرتن و دابینکردنی و بەکارھێنانی پێداویستیەکانی جیھانگیری کە تەکنەلۆجیا سەردەستەیەتی. بەڵام توانای بەرھەمھێنانی تەکنەلۆجیا و مۆدێلەکانیان نییە و ناتوانن کەلتووری خۆیان بە جیھانی بکەن. ئەمەش وادەکات دەستبەرداری کەلتووری خۆیان بن و مۆدێل و کەلتووری وڵاتانی بەرھەمھێنەر شوێنی کەلتوورە کۆنەکانی خۆیان دەگرێتەوە. سەبارەت بە باشووری کوردستان ئەتوانین بڵێین تا کۆتای سەدەی بیست لە ریزی وڵاتانی ھەژارنشین و پەراوێزخرا بووین، بەھۆی نەبوونی ھیچ جۆرێک لە تەکنەلۆجیا دابراو بووین لە جیھان. بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستویەک پاش روخانی ڕژێم و بەھۆی فراژوبوونی وڵات و ھەڵکشانی ئابووری ھاوڵاتیانی و دابینکردنی زیاتری کارەبا و تەلەفزیۆن و کەنالی ئاسمانی تا گەییە کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت و مۆبایل وئایپاد و تۆری کۆمەلایەتی…ھتد، وردە وردە چوینە ریزی وڵاتانی بەکارھێنەرانی ھەمیشەیی تەکنەلۆجیا و ئێمەش بووینە بەشێک لەم گوندە بچوکەی جیھان. ئیتر ئێستا بڵێیت و نەڵێیت ئۆتۆماتیکی نیوەی کۆمەلگا دەستبەرداری قیەم و کەلتوور و ئەتەکیەت و دابونەریتی خۆیان بوون و وردە وردە مۆدێل و کەلتوورە جیھانیەکان تێکەل بە ئەوانی خۆمان ئەبن یا خۆماڵیەکان ئەسرنەوە.

بێگومان ئەمەش ئەبێتە ھۆی نارازی کەسانی نەریتخواز و سونەتی و پیاوانی ئاینی و بڕوادار. بۆیە لەم دوایانە ھەمیشە پێکدادان دروست دەبێت لەنێوان دوو تەرەف لە کوردستانی باشوور کە یەکێکیان ئەوانەن دوای مۆدێلە جیھانیەکان کەوتون و ئەیانەوێت بە جیھانی بن. وە ئەوەی تریان ئەوانەن دەستیان بە کەلتووری خۆیان گرتوە و زیاتر سونەتین و لە لەدەستدانی کەلتوور و باوەر و ئاینی خۆیان ئەترسن و نایانەوێت تێکەل بە جیھان ببن. ئەم پێکدادانە ھەمیشە ئەبێتە ھۆی شڵۆقی کۆمەلگا و پشێوی ئەنێتەوە. بۆیە پێویستی بە رێگا چارە ئەبێت، بۆچارەسەری ئەمەش بە بروای من تەنھا بە سێ خال دەبێت: ١ گەرانەوەیە بۆ لە جیھان دابران و لە تەکنەلۆجیا دابران، کە ئەمەیان زەرەری پترە. ٢ ھەولدان بۆ بوون بە یەکێ لە وڵاتانی بەرھەمھێنەرانی تەکنەلۆجیا و مۆدێل و کەلتووری خۆمان بە جیھانی بکەین، کە ئەمەش لە ئێستا محالە. ٣ لە یەکتر گەشتن و ئازادبوونمان و ئازادی دان بەوانی تر، کە چیتر ئەم ھاوڵاتیانەی کەلتووری جیھانی پەیرە و دەکەن و جیھانگیری ھەلەبژێرن بە سووک سەیر نەکرێن و دژایەتیان نەکرێت و لەکەدار و کۆت نەکرێن و مافیان نەخورێت. وە ئەم ھاوڵاتیانەش کە لەسەر کەلتوور و ئاین و باوەری خۆیان ئەمێننەوە بە دواکەوت و تێنەگەشتوو لە قەلەم نەدرێن و بەھەمان شێوە ئازادبن.

(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top