لە کابینەی نوێ وەزارەتی رۆشنبیری ئەرکی چییە؟

وەزارەتی رۆشنبیری کارو ئەرکی زۆرە. بەڵام هیچی نەکردووە تا ئێستا شایەنی باسکردن و دەستخۆشی بێت. بەتایەت لە هۆشیارکردنەوە و بەرزکردەوەی ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگای کوردی. کە دەبوو کاریگەرترین رۆڵی بینیبا لە مێژووی حوکمڕانی کوردیدا. ئەوەی گرینگە لێرەدا باسی بکەین پەیوەندی بە میدیاوە هەیە. پێویستە پەرلەمان و وەزارەتی رۆشنبیری هەماهەنگیان لە نێوان هەبێ. کۆمەڵێ یاسای گرینگ و چارەنوسساز دەربکەن. میدیای کوردی بخەنە سەر رێرەوێکی تەندروست لە رووی زمانەوانییەوە. پێویستە یاسایەک دەربکرێ کە هیچ میدیایەکی باشووری کوردستان رێگای نەدرێت وشەی بیانی بەکار بێنێت. بە یاسایەک رێگری لەو دیاردە ناشرینەی ناو میدیای کوردی بگیرێت.  کە پریانکردووە لە دەستەواژەو ووشەی بیانی. نەک میدیاکە تەنانەت میوانەکانیش مافی بەکارهێنانی دەستەواژەی بیانیان نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ناوەندی ئەکادیمیایی کوردی هاوکاریان بێت و بە رۆڵی خۆی هەڵسێت بۆ کارئاسانی و سەپاندنی یاساکە بەسەر تەواوی دەزگا راگەیاندنەکانی باشووری کوردستان. چونکە خەریکە زمانی کوردی بەتەواوەتی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت بەهۆی کاریگەری خراپی میدیای کوردی لە رووی زمانەوانییەوە.

ئەرکی میدیا دەوڵەمەندترکردنی زمانە. نەوەک پێچەوانەکەی وەک ئەۆەی ئێستا دەیبینین بێ هێزکردن و نزمکردنی ئاستی زمانیی کوردییە. زۆر وشەو دەستەواژە هەیە کە میدیاکارو دەزگا بەکاری دەهێنێت شەرم و نەنگییە. لە کاتێکدا زمانی دایک چەندین وشەی بەهێزو جوانی بەرامبەر ئەو دەستەواژە بیانیانە هەیە. رەنگە پاساوی میدیکارەکان ئەوە بێت کە دەیانەوێت لە ئاستی میدیا جیهانییەکان بن. بەو دەستەواژانە دانەبرێن لەوان. بەڵام پاساوێکی زۆر بێ هیزو لاوازە. چونکە تۆ بینەری بیانیت نییە. دەزگاکەشت جیهانی و نێودەوڵەتی نییە، ئەرکی تۆ هۆشیارکردنەوەو بەرزکرنەوەی ئاستی رۆشنبیری تاکی کۆمەڵگاکەتە نەوەک لاوازکردن و لەناوبردنی زمانەکەت. رۆشنبیریش بە بەکارهێنانی دەستەواژەی بیانی نایەت. بەڵکو ئەوکاتە تۆ رۆشنبیری کە بتوانی بە زمانێکی پاراوی تەواو کوردی بدوێیت. بەکار هێنانی وشەی بیانی نزمی ئاستی رۆشنبیریت نیشان دەدات کە شارەزاییت لە زمانەکەی خۆت نییە. کەچی بە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە دەتەوێ بینەرو بیسەرو خەڵک بخەڵەتێنی گوایە رۆشنبیری؟

بۆیە ناکرێ چیتر چارەنوسی زمانی دایک بدرێتە دەست کەسانی نابەرپرس و بێ ئاگا. پێویستە بەیاسا ئەو کێشە گەورەیە چارەسەر بکرێت. جگە لە یاسایەکی توند هیچ شتێک ئەو میدیاو میدیاکارە نابەرپرسانە ناچار ناکات پابەندی رەوشت بەرزی و ئەرکی سەرەکی خۆیانبن کە هۆشیارکردنەوەو بەرزکردنی ئاستی رۆشنبیری تاکی کۆمەڵگای کوردییە. گەر ویست هەبێت بەیاساکردنی ئەو پرسە شتێکی وا زەحمەت نییە. پێم وایە کۆدەنگی تەواویشی لەسەر دروست دەبێت، چونکە لە هەموو ناوەندە زانستی و ئەکادیمیکان ئەو رەخنەیە ئاراستەی میدیاو کەسانی دیاری کۆمەڵگا دەکرێت. کە هیچ رەوایەتییەکی تێدا نییە ئاوا بە لێشاو وشەو دەستەواژەی بیانی بێتە ناو زمان و فەرهەنگی کوردیمان.

  • نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل هەولێر.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top