پلاندانان لە کوێی حوکمڕانی کوردیدایە؟

جیاوازی مرۆڤی سەرکەوتوو لەگەڵ مرۆڤێکی شکستخواردوو ئەوەیە کە، سەرکەوتووەکە پلان و بەرنامەیەکی روونی هەیە و دەزانێ چی دەوێت و چۆن هەوڵبدا. بەڵام مرۆڤی شکستخواردوو هەمیشە بێ پلان و بە هیوای بەختی باش و کەم و کورتی ئەوانیتر سەرکەوتن بەدەست بێنێت. خوێندکاری زانکۆش کە ناوی لە زانکۆ دێتەوە هیچ خەون و ئامانجێکی زانستی نییە، ئەوەندە لە خەمی خۆشی و رابواردنەکانی زانکۆیدایە. زیاتر لە (۲۷) ساڵە حکومەتی کوردی لە هیچ کارتێک و لە هەموو هاوکێشەکی سیاسی هەرێمی و وڵاتان ئامانجی هەبووە. بەڵام هەرگیز پلانێکی تۆکمەی نەبووە بۆ جێبەجێکردن و بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی کە دەیەوێت. تا ئێستا ناچالاکترین و بێ کردەوەترین وەزارەت لەماوەی دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان، وەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانکردنەوەیە. هیچ هەماهەنگیەکی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەکانیتری حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان نەبووەو نییە.

ساڵانە ملیۆنان کەس لە دنیا دەبنە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ. زۆربەی وڵاتان بەرنامەو پلانێکی درێژخایەنیان هەیە بۆ کەمکردنەوەو نەهێشتنی رووداوی هاتوچۆ. نموونەکی زیندووش حکومەتی سویدە، لە ساڵی (1997) پلانێکی داناوە بەناوی (پلانی سفر) کە دەبێت تا بیست ساڵ رێژەی قوربانیەکانی رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە بگاتە ئاستی سفر. ئەو پلانەش پێکهاتوە لە چاککردن و فراوانکردنی رێگاکانی هاتووچۆ. رۆشنبیرکردنی شوفێران و زۆرترکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە وەک میترۆ شەمەندەفەرو پاس. ئەو پلانە لە چەندین وڵاتی ئەوروپی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە. ئاخۆ بۆچی وەزارەتی پلاندانان و شارەوانی و وەزارەتی ناوخۆ بیر لەشتێکی وا ناکەنەوە؟ لە سیاسەتی دەرەوەش هەموومان وێنەکەمان بینیوە وەفدی حکومەتی کوردستان لەگەڵ وەفدی حکومەتی بەغدا لە دانوستانێکدا. بەرپرسانی هەریم هیچ پێنووس و لێنوسێکیان لەلا نییە. بەڵام شاندەکەی بەغدا پێنووس و لێنووس و وابزانم ژمێرکاریشیان لایە. وا دیارە وەفدی کوردی سیاسەتیش بە سولحی عەشایەری دەکات. یانی هیچ رەوا نییە تۆ نوێنەرایەتی گەلێکی پێنج ملیۆن کەسی بکەیت و نەزانی چیت دەوێت، چی دەبەخشی و چی وەردەگری.

هەمیشە کورد لەگەڵ رووداوەکان مامەڵە دەکات. هەموو رووداو پێشهاتەکانیش بۆمان شتی سەیرو نامۆیە. تا ئێستا پلانێکمان نییە لە هەر بڕیار و بارودۆخێک رەچاوی هەموو بارێکی لەناکاو ناکرێ. پلانمان نییە گەر چی هاتە پێش چی بکەین. ئەوەتا لە ریفراندۆم هیچ بەرنامەیەک نەبوو لە کاتی خیانەت چی بکەین؟ لە رۆژئاوا هیچ پلانێک نەبوو گەر بەرژەوەندی ئەمریکا لێرە نما چی بکەین. بۆیە هەر کە رووداوێك هاتە پێش و بەو شێوە نابێ کە ئامانجمان بوو، شۆک دەبین و خەڵک تۆمەتبار دەکەین. پێویستە لە حکومەتی نوێدا وەزارەتی پلاندانان چالاکترین وەزارەتی حکومەت بێت. بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانیتر پلانی درێژخایەنیان هەبێت. بەتایبەتی وەزارەتەکانی ناوخۆ، شارەوانی، پەروەردە، کارەبا، پلاندانان و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە. چاکسازی، سەرکەوتن و ئایندەی وڵات بە پلانی درێژخایەن و تۆکمە نەبێت، هەرگیز سەرکەوتوو نابێت.

  • نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل هەولێر.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top