پارتی بۆ براوەیە؟

من باسی مێژووی سیاسیی کوردستان ناکەم، چونکە تەمەنێکی هێندە زۆرم نییە تا باسی بکەم. حەزیش بە خوێندنەوەی مێژووی سیاسیی کوردستان ناکەم، چونکە هەمووی ئازار و مەینەتیە کە حزبەکان بەسەر یەکتریدا هێناویانە. بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوەی بەمدواییە پارتی کردی بۆ پاراستنی کوردستان و خەڵکەکەی، هۆکار بوون کە بەم شێوەیە لە کێبرکێی سێ حزبی سەرەکیدا براوەی یەکەم بێت. بە بەرچاوی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بە هەرزەکار، پیر و ئافرەت، نیشانی هەموو جیهانی دا کە خاک و پیرۆزی خاک دەبێت بەرگری لێ بکرێت. هەروەها خوێنرشتن لە پێناو خاک و خەڵک دا سەربەرزیە.

پارتی نیشانی هەموو خەڵکی دا کە شەڕکردن لە پێناو پاراستنی خەڵک و خاک، کەم نییە ببێتە هۆی ئەوەی رەزامەندی خەڵکی زۆرینەی کوردستان بەدەست بهێنێت و لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردستان دا براوەی یەکەم بێت. لە کێبرکێی سەرجەم حزبەکانی کوردستاندا. ئەمەش دەریدەخات کە کوردستان هێزێکی دەوێت بیپارێزێت لە هەموو هێڕشێکی ناوخۆیی و ئیقلیمی.

لە خزمەتگۆزاری دا هەمیشە پارتی و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی دا، یەکەمە و بێ رکابەرە. ئەمجارەش کە دەنگی یەکەمی لە هەڵبژاردن بەدەستهێناوە، دەبێتە پارتی باڵادەست کە سەرجەم خزمەتگۆزاریەکانی دەگەیەنێتە تەواوی ناوچەکانی کوردستان. ئەگەر بوار برەخسێت بتوانێت کار بکات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەلاتی دا نین.

دەریخست کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوێنی مانەوەی کوردستانێکی بەهێزە، لەبەرامبەر سەرجەم حزبەکانی دیکە بێدەنگ نەبوو کە خاک و نەتەوە دەبێت بە سەڵامەتی بمێننەوە و بەرگری بکات تاوەکوو هەموو نیشتیمان بەسەربەرزی بمێنێتەوە. حزبی خەمخۆر ئەو حزبەیە کە چەک بەدەستە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکەکەی و تا دوایین دلۆپی خوێنیان بەرگریان کرد بۆ ئەوەی کوردستان نەکەوێتە دەستی بێگانە.

ئیتر پارتی دەبێت رێزی هەموو ئەو دەنگانەی بگرێت کە پێ دراوە. وەکوو جاران هەڕراجی سەرمێزی گفتووگۆی نەکات و پلە و پایە نەبەخشێتەوە بەو حزبانەی کە شایستەی پلە و پایەی گەورە نین. دەبێت پلەبەندی حکومداری بە پێی براوە و دۆراو ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت، نەوەک دەنگی خەڵکی کوردستان لەسەر مێزی پڕ سێوو پرتەقاڵ دابەشبکات بەسەر حزبی دیکە دا کە دۆڕاوی هەڵبژاردنن.

پارتی سەرمەشخەڵی بڕیارێکی مێژوویی گرنگی وەکوو ریفراندۆم بوو. زۆر باش دەیزانی ئەم بڕیارە قورس و گرانە بۆ پەیوەندیەکانی حزبەکەی لەگەڵ دەرەوە دا، بەتایبەتی ئێران، عێراق، تورکیا و ئەمریکا باش نابێت، وکاریگەری خراپ لەسەر پەیوەندیەکانی درووست دەکات. بەڵام سوور بوو لەسەر بڕیارێکی چارەنووسساز کە سەدان ساڵە مافی ئەوەی پێنەدراوە دەنگ بدات لەسەر چارەنووسی خۆی.

بە دەستپێشخەری پارتی و بیرۆکەی پارتی و بە هاوکاری هەندێک لایەنی دیکەی کورد بڕیاری ریفراندۆمیان دا، سەرەرای ئەوەی لایەنەکانی تر بە دوودڵی و شەرمەوە بەشداریان تێدا کرد. بەڵام پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم دەبێت بکرێت، چونکە پرس و راوێژە بەگەل. گەلیش لای پارتی رێزدار و سەنگینە.

بۆیە گەڵ متمانەی بە پارتی دایەوە، چونکە هەموو کات بیرۆکەی سەربەخۆیی بۆ میللەتەکەی لە سەرووی هەنگاوەکانیەتی. لە ساحەی سیاسی کورد دا زۆربەی حزبە سیاسییەکان پەرت و بڵاو بوون و حزبی دیکەیان لێ بووەتەوە. بۆ نموونە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، حزبی گۆڕانی لێ بوویەوە پەرتەوازە بوون سەرەرای بوونی باڵباڵێنی ناو حزبەکەی کە تاوەکوو ئەمرۆش هەر بەردەوامە، بزووتنەوەی ئیسلامی حزبی کۆمەڵی ئیسلامی لێ درووست بوو، یەکگرتووی ئیسلامی چەندین کەسایەیی گرنگ و گەورەی چوونە ناو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی، ئەوانیش دواتر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار فەرامۆش کران و بەجێ هێلدران.

ئەوەی بە یەکگرتوویی مایەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. تاوەکوو ئەمرۆش ئەندامێکی نەچووەتە ریزی هیچ حزبێکی دیکە نەوەک سەرکردەیەک یاخود بەرپرسێکی پارتی. بۆیە ئەمە وای کردووە پارتی بە گەورەیی بمێنێتەوە، چونکە حزبێکە هیچ کات پەرتەوازە نابێت. ئەمەش لایەنێکی دیکەی سەرکەوتنی پارتیە.

هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسم کرد، پارتی کردە براوەی یەکەمی هەردوو هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق. لە هەڵبژاردنی عێراق دا یەکەمی سەرجەم حزبەکان بوو و ئەوانی دیکە هەمووی هاوپەیمانی و گرێدراوی چەند حزبێک بوون. لە کوردستانیش دەنگی پارتی زۆرترین دەنگ بوون، بەراورد بە دەنگی سەرجەم حزبە گەورەکان لە کوردستان.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top