سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وەک دوو سیستم لە تەواوی کۆمەڵگە جیهانیەکان، دەستیانگرتووە بەسەر کایەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا. بە گوێرەی جوگرافی و شوێنی نیشتەجێبوونیش، تا ڕادەیەک دەست ڕۆشتویی ئەم سیستمانە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، بەرزی و نزمی تێدایە و ئاستی ڕۆشنبیری تاکیش کاریگەری بەسەریانەوە هەبووە. بەڵام هەمیشە ژن وەک قوربانی یەکەمی ئەم دوو سیستمە دەبینرێت، قوربانیەک کە لە کۆمەڵگە دواکەوتوەکانەوە بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان شۆربۆتەوە و نەوە دوای نەوە لە بری کەمبوونەوە و تێگەیشتن و ڕێزگرتن لێیان، ڕوو لە بەزربوونەوە بووە، بە جۆرێک لە ژێر دروشم و کایەکانی ئازادی مافی ژن ڕەوتی مۆدێرنیزم و سیکۆلاریزمی کۆمەڵگە، ژن کرا بە قوربانی تۆڕە بازرگانییە سێکسیەکان، کە ژنانیان وەک کاڵایەک بۆ بەدەستهێنانی سەرمایە چاو لێ کرد و، لەو سیستمە بەناو دیموکراسیەکەی بەشێک سیاسەتوانان، ئازادی ژن بەرەڵاییە! و خێزانی کوردیان لە پێشوەچونەکان ترساند!
سیاسیە ئیسلامیەکانیش ژنیان کرد بە قوربانی بزوتنەوەی کۆنەپەرستی و پیاو سالاری ئیسلامی و، ژنیان خستە بەر شەرعیەتی چوار ژنی و فێریان کردن بەها بۆ هەست و حەزەکانیان دانەنێن. لەلایەکی دیکەوە، لە ڕێگەی وتارە ئایینیەکان، تێکەڵ بە سیستمی کۆمەڵاتیان کرد، بەشێوەیەک لە خێزان وەک قوتابخانەی یەکەم ژن بە کۆیلەیی پەروەردە دەکرێت و، ژن تەنها لە خزمەتی پیاو دەبنییەوە، هەر کرانەوەیەک بۆ ژن بڤەیە، لەم لاشەوە، لەژێر ترسی تەکفیر و مولعید و مونافق، ژن خرایە بەر ڕەحمەتی فیشەک و بە ناوی خاوێنکردنەوەی نامووس.. ئەوەی جێگەی تێڕامانە، هەردوو جۆری سیستمەکە، ژن وەک قوربانی ئەقلیەتی بەرامبەریان دەبینن و هەر یەکەیانیش بە باڵ و ئازادی مافی ژن لای خۆیانەوە هەڵدەدەن. لێرە و لەوێش گوێمان لە بەرگیریکردن لە مافەکانی ژنان دەبێت و هەر دوو لا ئازادی و مافەکان لای خۆیان دەبننەوە. لە کاتێکدا هاواری ئەم دوو جۆر سیستمە، کە لە بنەڕەتدا خاوەنی یەک فۆرمن، کە خۆی دەبینێتەوە لە زەوت کردنی مافەکانی ژن و ئازادی گەیشتن پێیان و کردنە کۆیلە و قوربانی حەز و ئارەزووەکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجدارانە لە ژێر دەمامکەکانیان، هێرش دەکەنە سەر ڕەوتی مۆدێرنیزم و سیکۆلاریزمی کۆمەڵگە و، شەڕە ئەسلیەکەیان لەگەڵ ئەو رەوتەیە، وەک فۆرم و سیستمێک بۆ ژیانی سەردەمیانەی کۆمەڵگە.
(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)