هێزی پاراستنی جەوهەری، هێزێکی تری دژە پارتی لە باشووری کوردستان!

هەبوونی ئەم جۆرە هێزگەلە کە پەکەکە دروستی دەکات بۆ ئەویە کە بتوانێت بە ئاسانترین شێوە ئەو ئەجێندایەی کە هەیەتی لە هەموو کوردستانی گەورە پەیرەوی بکات. پابەندنەبوونی پەکەکە بە بەها مرۆڤایەتی و نەتەوەییەکانی برا کوردەکانی لە پارچە دابرێندراوەکانی تری کوردستان وای کردووە کە نە باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە باشی ئەمنیەت و خۆشگۆزەرانی بۆ هاوڵاتیانی خۆیان فەراهەمبکەن. باشوور کە ئێستاکە لە دۆخێکی جیاوازتر دایە لە پارچەکانی تری کوردستان، توانیویەتی هەم بەرگری لە پەکەکە بکات چۆن “مسرور بارزانی” راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان و بەربژێری ئێستای پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بروکسل بە هەموو دەوڵەتە ئەورۆپی و دژە کوردەکان بە تورکیاشەوە وت “پەکەکە تیرۆریست نیە” و لەلایەکیتریشەوە ئەمنیەتی پارچەکانی تری کوردستان بە ئەمنیەتی خۆی زانیوە. پەلهاوێژتنی پەکەکە و بە مۆڵگەکردنی باشوور بۆ بنکە سەربازی و هێرشەکانیان بۆ سەر تورکیا رەوشی هاوڵاتیانی باشووری کوردستانی خستۆتە بەر مەترسی گیانی، مادی و ژینگەیی. دەبینین رۆژانە خەلکی باشووری کوردستان بەهۆی پەکەکە شەهید دەکرێن/دەبن و گوندنشینان زەرەری ماددیان بەردەکەوێ، پرسی ژینگەش لە لایەکی ترەوە کە له هەموو رووبەرووبوونەوەیەکی سەربازی ژینگە زەرەرمەندی سەرەکیە بە سوتان و پیسبوون و لەناوچوونی.

راگەیاندنی هێزی پاراستنی جەوهەری لەم کاتەدا و بە سەروسیمایەکی بەستراوەوە جگە لە خوێندنەوەی بوونی کردەوەی ترسناک دژ بە پرسی کورد و ئامانج و ستراتیژیەکانی باشوور، شتێکی تریان لێ چاوەروانناکرێت. چونکە ئێمە لە باشوور هێزی پێشمەرگەی کوردستانمان هەیە و ناو و ئازایەتی پێشمەرگە سنوری دونیای تەنیوە و سیمایەکی دیار و کردەوە و مانایەکی پربەپێستی خۆی هەیە کە بۆ پاراستنی کوردستان لە پێش مەرگن. هەروەها باشووری کوردستان کە ئێستا خەریکە خۆی رێکدەخاتەو دەیەوێت دوای رووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر بەهێز بگەرێتەوە ناو گەمەی سیاسی لە ناوخۆی ناوچەکە و سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەکتەرێک کە ئەم ئەرکەی خراوەتە سەرشان مەسرور بارزانییە کە بە کەسێکی ئەمنیەتی ناسراوە. ئەمەش ترسێکی لای نەیارانی دروستکردووە کە نەتوانن وەکو پێشتر گەندەڵی بکەن و کاولکاری و کرداری دژە باشوور بگرنەبەر. خالێکی تر کە ئەم هێزی پاراستنی جەوهەری سەر بە پەکەکە لە باشوور پەیرەوی بکات دژایەتیەکی جدیترە بۆ پرسی نەتەوەیی و خەونی باشووریەکان بۆ هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی، چونکە لە لای پەکەکە دەوڵەتی نەتەوەیی وەکو میکانیزمێکی ترسناکە نیشاندراوە/ نیشاندەدرێت کە هۆکاری ماڵوێرانی و نەبوونی خۆشگوزەرانییە، کەچی بریاردەرە سیاسی و ستراتیژیەکانی باشوور و خەلکی باشووری کوردستان جیاواز بیردەکەنەوە. ئەوەی گرنگە لە کۆتایدا بیلێین “خەباتی هاوسەنگ” چارەسەرێکی ریشەیی پرسی کوردە کە هێزگەلە سیاسی و سەربازیەکانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان پەیرەوی بکەن بەتایبەتی تر پەکەکە.

(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top