منداڵ، کائینێکی پاک، هەست ناسک و میهرەبان، وەک داهاتوویی کۆمەڵگە و نەتەوەیەک. کەچی لە لایەن گەورەکان، دڕندە ئاسا، ڕووبەرووی دەستدرێژی و دزینی خەونە ناسک و منداڵانیەکان دەبنەوە. ئێستایش دەستدرێژی سێکسی، وەک دەردێکی کوشندە، خەریکە پەیتا پەیتا توشی کۆمەڵگای کوردی دەبێت و مەترسی زیاد بوونی لە ئارادایە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارگەلێک کە خودی تاک بەتاکی کومەڵگەی کوردی و حکومەت لێیەوە بەرپرسن، بە پلەی یەکەم وەزارەتی ڕۆشنبیری و کەسانی شارەزای بواری پەروەردە و بونیاتنان، و دواتر بۆ ئاستی خواروو، لەوانە دایک و باوک و خێران، بێ سانسۆری ماڵپەرە سێکسیەکان و بێکاری و کەموکوری لە یاساکانی سزادان، بونەتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئەم تاوانە قێزەوەنە. نەبوونی هۆشیاری سێکسی و ڕەگەزی، لە ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردەوەکردن، دیسانەوە ڕووبەڕووی پرسیار گەلێکمان دەکەنەوە بەتایبەت لە قوناغەکانی ناوەندی. بۆچی منداڵەکان؟
ئەوانەی هەڵدەستن بەم تاوانە وابیردەکەنەوە بەهۆی بچووکی تەمەنیان و ترس لێیانەوە، ناتوانن ئەوەی بەسەریان هاتووە، پاش تاوانەکە بۆ دای بابیان باس بکەن و لە خێزان و کۆمەڵگە دەشاردرنەوە، و ڕووبەڕووی یاسا ناکرێنەوە. وە بۆ نەهێشتن یان کەمکردنەوەم ئەم تاوانە پێویستە کار بکرێت لەسەر دەروونێکی تەندروست بۆ تاک و کۆمەڵ، چیتر منداڵ نەبێتە قوربانی کەم و کوریەکانی پەروەردە و دەروون نەخۆشی تاک.
- قوتابی زانکۆی پۆلی تەکنیک/پەیمانگای تەکنیکی کارگێری هەولێر بەشی ڕاگەیاندن
(گووتار دەربڕینی بۆچوونی نووسەرانە، نەک سایت و گووتارنامەی رۆژئارتیکڵ)