ئایا نوێژ جیاوازی نێوان بڕوادار و بێ بڕوایانە؟

موسڵمانان نوێژ بە پایەکی سەرەکی ئیسلام دەزان و هەمیشە دڵنیایی لەسەر دەدەن. بەجۆرێ باسی ئەرکە ئاینیەکان دەکەن، تەواوی ئەرکە دنیایی و زەویەکانیان فەرامۆش کردووە. پیاوانی ئاینی هەمیشە لە وتارەکانی رۆژی هەینی ئەرکە ئاینیەکان لە دڵی مۆسڵمانان تۆخ دەکەنەوە، بێ ئاگا لەوەی کێشەو گرفتی موسڵمان و کۆمەڵگە ئیسلامیەکان، پایە ئاینییەکان نییە، بەڵکو نادادپەرەوەری دەسەڵات و کۆمەڵگەو یاسایایە. وەک (دکتۆر عەلی شەریعەتی) دەڵێت: “مەلاکان وازیان لە ستەمکارەکان هێناوە و خەریکی ئامۆژگاریکردنی ستەملێکراوەکانن” مامۆستایانی ئاینی پیرۆزتریان ئەرکیان لەسەرشانە کە رێنوێنی کردن و ئاراستەکردنی کۆمەڵگایە. کەچی بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئاینی ئێرە وازیان لە دنیا هناوە. دنیایان کردووە بە دۆزەخ بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت.

لە فەرموودەی پێغەمبەر (د. خ) هاتووە: “یەکێ لە نیشانەکانی رۆژی دوایی ئەوەیە کە مزگەوتەکان پڕیەتی لە نوێژخوێن، بەڵام هیچ بروادارێکی تێدا نییە” لێرەدا پرسیارە گەر نوێژ جیاوازی بڕوادارو بێ بڕوایە ئەی ئەوە نییە پێغەمبەر (د. خ) دەڵێت مزگەوت پری نوێژخوێنە بەڵام بڕوداری تێدا نییە؟ ئەی ئەوە یانی چی کە نوێژ جیاوازی بڕوادارو بێ بڕوایە بۆچی ئەو نوێژخوێنانە پێغەمبەر (د. خ) بەبێ بڕوا باسیان دەکات؟ ئایا نوێژ رازو نیازی خودا و شوێنکەوتانی خودایە، یان وەک وەرەقەیەکی بێ نرخ بەوپری بێ باکیەوە بە خودا دەڵێی باوەرم بەتۆ هەیەو من رۆشتم؟. عەبدلرەزاق جبران لە کتێبی (چەتەکانی خودا) دەڵێت: “بە باوەر نەبوون بە خودا لای خودا کافر نابی، بەڵکو بە باوەر نەبوون بە مرۆڤ، کافر دەبی لای خودا” خودا ئیسلام و قورئان و پەیامبەری نارد تا ژیانی مرۆڤەکان ئاسانتر بکات و لەناو خەڵکی خۆشەویستی و میهرەبانی ئاشتی راستگۆیی رەوشتی جوان بڵاو بکاتەوە. نەوەک تەنها پەرستشی ئەو بکەن، پێغەمبەر (د. خ) دەفەرمووێ: “الْمُسْلِمُ مَنْ سَلَمَ الْمُسْلِمُونَ مِنْ لِسَانِهِ وَيَدِهِ” واتا (موسڵمان ئەو کەسەی خەڵکی پارێزراوبن لە دەست و لە زمانی).

خۆشەویست بەو شێوەیە وەسفی موسڵمانان و شوێنکەوتانی کردووە، نەوەک باسی ئەرکە ئاینیەکان بکات. تا ئێستاش زۆرینەی موسڵمانان بەبێ دەسنوێژ نوێژدەکەن و بە دڵێکی قێزەوەن دەچنە بەردەم دیداری ئەو خودا گەورەو میهرەبانە. من نازانم چۆن رووێکیان هەیە؟ مرۆڤ کە دڵی پیس بوو، کە فێڵزان قۆڵبر بوو، کە خەڵکی پارێزراو نەبوون لە دەست و زمانی و کە دلی پربوو لە رق کە خەڵک لەدەستی بێزار بوو، نازانم جۆن رووی هەیە بەو دڵە ژەنگاوییە بچێتە دیداری خوای گەورە؟ مرۆڤ بەبێ رەچاوکردنی بانگ پێویستە بەردەوام بچێتە دیداری ئەو خودا گەورە میهرەبانە. بەڵام لەگەڵ جەستەی دەستنوێژی دڵ و دەرونیشی بگرێت، ئەوکاتە هەست بە شیرینی بڕواداری و دیداری خوا دەکات. تێبینی، بەها و ئەرکە جوانەکانی ئیسلام ناشرین ناکەم، بەڵام بەبێ دەست و دڵێکی پاک ئیمانت ناتەواوە گەر هەموو ئەرکە ئاینییەکانیش جێبەجێ بکەیت.

 

نوونەرێ رۆژئارتیکڵ لە هەولێر.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top