سینا محەممەد: “من شاعیر نیم و سینەما ژیانی منە”

سینا محەممەد، سینەماکار و میدیاکارێ ناڤدارێ کورد دڤێ هەڤپەیڤینێدا بۆ (رۆژئارتیکڵ) بەحسا کارێن خوە و رەوشا سینەمایێ ل کوردستانێ دکەت. دگەلدا ژی رەخنێ ل هندەك پرۆژەیێن سینەمایی دگریت و بەحسا سینەماکارێن بەهدینان ژی دکەت. هەروەسا ئامۆژگارییان پێشکێش دکەت بۆ بەرەڤ پێشبرنا سینەمایێ و بەحسا نڤیسینا شیعرێ ب بادینی ژی دکەت..

هەڤپەیڤین: ئەڤین ئەحمەد

رۆژئارتیکڵ: سەرەتا چۆن چوویتە ناو جیهانی شیعر؟

سینا محەممەد: من شاعیر نیم .. هیچکاتیش ناتوانم بە خۆم بڵێم شاعیر یان نووسەر. چونکە ئەوە مەسولیاتێکی گەلێک گەرەیە. من تەنها دەردەدڵەکانی خۆم دەنووسمەوە. لە زەمەنێکدا وتم با ئەم دەردە دڵانە بڵاوبکەمەوە تاخەڵکیش سوود لە ئه زموونەکانم ببینێت. ئەو ئازارانەی من دیومە کەسانی دوای خۆم نەی بینن. بۆیە من ناتوانم بڵێم شعرم نووسیوە.

رۆژئارتیکڵ: کێ هاندەرت بوو و کێ کاریگەری لە تۆ کرد کە ئەم رێگایە هەڵبژێری؟

سەختیەکانی ڕێگای ژیانم. ئازارەکانی کەسانی دەورم پاڵنەری سەرەکی بوون بۆ من تا یادگاری و دەردە دڵەکانم بنووسمەوە یان بیانخوێنمەوە.

رۆژئارتیکڵ: ئێستا خەریکی چی و چیت لەبەردەستدایە؟

لە ئێستادا خەریکی ئامادەکاری نوێترین کورتە فلمی خۆمم بەناوی (باوەش بکە بە مندا) زۆرێک لە ئامادەکارییەکانی تەواو بووە. وا بڕیاره بەشێکی لە گەرمیان و بەشێکی لە نەجەف وێنەبگیرێت. انشاءالله لە کۆتایی ئەمساڵیشدا دەست دەکەم بە ئامادەکاری یەکەم فیلمی درێژی خۆم.

رۆژئارتیکڵ: ئامانجت چی بوو لە چوونە ناو کاری سینەمایی؟

کاری سینەمای خەونی هەموو ژیانمە. ئەگەر قسەیەکم هەبێت بۆ وتن ئەوە تەنها لە ڕێگەی سینەماوە ئەمەوێت بیڵێم.

رۆژئارتیکڵ: کاری دەرهێنەری لای تۆ چییە؟ ئایا هەر کەس ئەتوانێ ببێ بە دەرهێنەر؟

دەرهێنەری لای من ئازارە، دەرهێنەر ئەو کەسەیە ئەم ئازارە بکات بە وێنە و بیکات بە پەیام و بیگەیەنێت. کەسیک کە ئازارەکان هەست پێبکات بیان بینێت دەتوانێت ببێتە دەرهێنەر. ئیتر بینەر چاکی و خراپییەکان دیاری دەکات لەڕێگەی فیلمەکانیەوە.

رۆژئارتیکڵ: پێتوایە پێویستە چ خاسلەت و نیشان لای دەرهێنەر هەبن؟

بەبڕوای من دەرهێنەر ئەبێت مرۆڤ بیت پێش هەموو شتێک. ئەبێت نووسەر بێت، مۆزیسیان بێت، فۆتۆگرافەر بێت، دەروونناس بێت، خوێنەر بێت، بینەر بێت، سیاسی بێت و… هتد. ئازارەکان سەیر نەکات بەڵکو ئازارەکان ببینێت، دەرهێنەرە گەورەکانی جیهان فەیلەسۆف بوون. بەڵام لەبری ئەوەی کتێب بنووسن فیلمیان دروستکردووە.

رۆژئارتیکڵ: تۆ خۆت زیاتر لە کاری سینەماییدا دەبینیت یان لە شیعردا، بۆچی؟

من لە بواری نوسیندا هیچ قسەیەکم پێنیە بۆ وتن. بەڵام لەو شتەی کە خەونمە دەتوانم قسەم هەبێت، دەتوانم مەسولیەتی کارەکەم هەڵگرم. بەڵام وەک وتم من ناتوانم بەخۆم بڵێم شاعیر. بۆیە بەدڵنیایەوە من خۆم لە سینەمادا ئەبینمەوە.

رۆژئارتیکڵ: لەگەڵ هەموو ئەکتەرەکان مورتاحیت؟

لەگەڵ هەموو ئەکتەر و هونەر مەندەکان مورتاحم. هەرچەندیش لەتوانامدا بێت هاوکاری ئەو گەنجانە دەکەم کە لە بواری سینەمادا دەیانەوێت کار بکەن. ئەو گەنجە هونەرمەندانەم خۆش دەوێت کە لە دڵەوە کاری خۆیان دەکەن.

رۆژئارتیکڵ: چ ئامۆژگاریت هەیە بۆ گرنگیدان و پێشخستنی کاری سینەمایی؟

بەبڕوای من کۆمەڵێک هۆکار هەن سینەمای کوردی بەرەو پێش ئەبەن.. ڕێزگرتن لە سینەماکارانی بەئەزمونی کورد و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکومەت بۆ دروستکردنی پیشەسازی فیلم لە هۆکارە گرنگەکانە. هەروەها وردە وردە جیلێکی نوێ لە بواری سینەما خەریکە دروست ئەبێت کە ئەم جیلە بە هەوڵی خۆی و بە هاوکاری کۆمپانیا شەخسیەکانی بواری هونەری  تەواو ئەپدەیتە بە پێشکەوتنەکانی سینەمای جیهانی لە ڕوی تەکنیکی و ناوڕۆکە. ئەم جیلە دەتوانن ئایندەی سینەمای کوردی دروست بکەن، ئەگەر پاڵپشتی بکریێن، پاڵپشتیکەش زۆر سادەیە. کەسانێکی زۆر هەن ساڵانێکە هەرچی بوودجە و پڕۆژەیەکی سینەمایە دەدرێت بەوان و ئەوان ئەیکەن. هیچیان نەکرد بەهیچ جگە لە دروستکردنی کۆمەڵێک فیلمی خراپ. هەوڵ بدرێت ئەم کەسانە بەڕێزەوە خانەنشین بکرێن و ئەو پڕۆژانە بدرێنە ئەو گەنجانە. ئەوسا دەبینین کە داهاتوو چی دروست دەبێت. کەسانێک بەم هەموو ساڵە نەیاتوانیبیت هیچ بکەن، هیچ ناتوان بکەن. بۆیە تاکە هۆکار بۆ پێشخستنی سینەمای کوردی گەنجەکانە. هۆکارێکی تر گرنگیدانە بە کۆڵێژە سینەمایەکان، خوێندکار و مامۆستاکانی ئەو کۆڵێژانە  یارمتی بدرێن و بنێردرینە دەرەوە بۆ خوێندن. تا پێشکەوتنی سینەمای دروست بکەن.

رۆژئارتیکڵ: دەرهێنەرانی بادينان چۆن هەڵیاندەسەنگێنی؟

دەرهێنەرانی بادینان لە باشترین دەرهێنەرە کوردەکانن. من هەمیشە شانازییان پێوەدەکەم و لێوەیان فێر دەبم. زۆرن ئەوانەی شانازین بۆ من. بەڵام من زیاتر ئاشناییم بە کارەکانی دەرهێنەران شەوکەت ئەمین و سەهیم عومەر خەلیفە هەیە، کە بەراستی جێگای شانزین بۆ کورد. شانازییە بۆ من لەگەڵ دەرهێنەرانی بادینان کار بکەم، بەڵام لەڕاستیدا تا ئێستا رێک نەکەوتووه.

رۆژئارتیکڵ: تۆ خەڵکی سلێمانیت و هەوادارێکی زۆرت هەیە لە بادینان، ئەوە بۆ چی ئەگەڕێنیتەوە؟

من کاتێک کارێک دەکەم بەبێ جیاوازی و بۆ هەمووانی دەکەم. من بۆ وڵاتەکەم کار دەکەم، ئیتر شانازی دەکەم بە هەر کەسێکەوە کە گوێ بۆ ئیشەکانم بگرێت یان بینەری فیلمەکانم بێت. ئەوە جوانی خەڵکی بادینانە کە کارەکانی منیان خۆشئەوێت. ئەمەش شانازییەکی گەلەک گەورەیە بۆ من.

رۆژئارتیکڵ: دیارە کاری خێرخوازیشت کردووە بۆ لێقەوماوان و نەخۆشەکان. ئایا هیچ پرۆژەیەکی دیکەی خێرخوازیت لەبەردەستدا هەیە؟

من ئەو کارانە ناوناێم خێرخوازی. لای من ئەوە ئەرکی سەرشانمە بەرامبەر بەو کەسانە کە پێویستیان بە یارمەتی من هەیە، ئەگەر بچووکیش بێت. بەڵی بەردەوام و بەپێی توانام و هەمیشە ئەو ئەرکانەم بەجێ ئەهێنم. چونکە ئێمە لە وڵاتێکداین ئەگەر هاوخەمی یەکتری نەبین ناتوانین بەردەوام بین لە ژیان.

رۆژئارتیکڵ: ئایا بەرهەمی تازەی شیعریت لەبەردەست هەیە و بەنیاز نیت بەرهەمێکی شیعری بە بادینی بنووسیت؟

بەڵی له ئێستا کۆمەڵێک کاری نوێم ئامادەکردووە و بەنیازم لە داهاتودا بڵاوی بکەمەوە. لەڕاستیدا بەباشی ناتوانم بەبادینی ئاخاوتن بکەم، بۆیە ناتوانم بشنووسم وە دەردە دڵیش وەرگێڕانی قورسە.

سینا محەممەد کێ یە؟

سینا محەممەد لە دایکبووی ساڵی ۱۹۸۸ شاری سلێمانی. نزیکەی ۱۲ ساڵە کاری هونەری دەکات و سەرەتای کاری هونەری بە دۆبلاژ دەست پێ کردووە. دواتر وەک ئەکتەری شانۆ کاری کردووە و پاشان کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ چەندین شانۆگەری کردووە. دوابەدەوای ئەوەش دەستی بەکاری فیلمسازی و نووسین و دەرهێنانی فیلم کردووە. ماوەی چەندین ساڵە کاری دەرهێنانی ریکلامی تەلەڤزیۆنیش دەکات. لە ئێستادا خاوەنی ۱۰ کورتە فیلم و ۷ فیلمی بەڵگەنامەییە و کاری دەرهێنان بۆ زیاتر لە ۲۰۰ ریکلامی تەلەڤزیۆنی کردووە لە تەواوی شارەکانی عێراق.

ساڵی ۲۰۱۰ کورتە فیلمی (دیاری) کە لە نووسین و دەرهێنانی سینا محەممەد بوو، لە وڵاتی تورکیا لە سەر ئاستی ۱٤۰ وڵاتی جیهان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئاشتی بۆ فیلم خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بیانی وەرگرت. فیلمی بەڵگەنامەیی (مناڵانی قامیشلۆ) لە ۲۰۱٤ خەڵاتی رێزلێنانی کەناڵی بی بی سی بەڕیتانی وەرگرت. هەروەها  لە بواری دروستکردنی ڕیکلامدا چوار ریکلامی وەک یەکێ لە باشترین ڕیکلامەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی فلۆڕانسی ئیتاڵیا هەڵبژیردرا لە ساڵی ۲۰۱۷. ئەزمونی کارکردنی بە دروستکردنی گروپێکی دۆستانەی هونەری دەستی پێکردوە و لەگەڵ چەندین شوێنی ناوخۆ و دەرەوە کاری کردووە. لەوانە کەناڵی ناشناڵجۆگرافی و نیۆیۆڕک تایمز. هەروەها ماوەی دە ساڵە بە بەردەوامی لە کۆمپانیای هاما کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی هونەرییە کاری نووسین و دەرهێنانی ریکلام دەکات.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top