چوونی بارزانی بۆ بەغدا، لە میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکان دەنگداناوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی. پێشوازییەکەی بارزانی دوو لایەنەبوو، لە لایەکەوە بارزانی هیچ پۆستێکی فەرمی حوکمی نییە، کەچی وەک سەرۆکی دەوڵەتێک فەرشی سووری بۆ راخرا، لە لایەکەیتریش، کەسایەتی بارزانی شایەنی ئەوە نەبوو سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامر کە دوو کەسی بێ پێگەن، پێشوازی لێبکەن، پێویست بوو سەرۆک وەزیران لە پێشوازی بارزانیبا. ئەو دوو لایەش هۆکاری سەرەکی بوون بۆ پاساوی لایەنی دژ و لایەنی ستایش. بۆیە ئەوەی جێگەی سەرسۆرمان بوو، سۆسیال میدیابوو کە دابەشی دوو بەرەی دژ بەیەکتر بوون. بەرەیەک ستایشی سەردانەکە دەکەن، بەرەیەکیش لۆمەو گاڵتە بە سەردانەکەی دەکەن. ئەوەی سەیرە هەردوولا بە هەلەل و بە پەلەپەل بڕیارنداوە.
بەرەی ستایش هێشتا نەگەراوەتەوە لە سەردانەکەی مژدەی گەورە گەورە دەدەن و شاگەشکە بوونە. بەرەی دژەکەش بەهەمان شێوە بە زۆر نازانستی و زمانێکی زبر شرۆڤەو شیکاری بۆ سەرداەکەی دەکەن. بەرەی لایەنگران کە شەو و رۆژ باسی سەربەخۆیی دەکەن دەبوو بەو سەردانە دڵتەنگبوون، چونکە بە خیانەتێکی ناوخۆیی چەندین هەنگاو لە سەربەخۆیی دوورکەوتینەوە، ئەو سەردانە ناچارییە دەبوو وا وێنابکرێ، کە پێمان خۆش نەبوو پێ بنێینە بەغدای داگیرکەرو تێنوو بە خوێنی کورد. بەڵام خیانەتی ناوخۆیی ناچاری کردین بە پێی پەتی بەناو دڕک و داردا بڕۆین، دەبوو وا وێنابکرێ. گەر بۆ گەرانەوەی پێگەی بەهێزی کورد نەبێت، ئێمە ناچارنین سەردانی ئەو دەموچاوە فاشیستانە بکەین. بەڵام وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کونی دار دۆزیبێتەوە، کەتنە ستایش و پیاهەڵگوتن بە سەردانەکە. لایەکیتریش بەرەی دژ، کە بارزانی هەرچی بلێت و هەرچی بکات، ئەوان رەتی دەکەنەوە، بانگەشەی سەیر سەیر دەکەن. باسی جلی کوردی و ئاڵای کوردستان و ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەن. نازانم ئێوە کەی باوەرتان بەو شتانە بووە کە دژی بارزانی دەیلێن؟ چیتان کردووە بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی و ئاڵای کوردستان، جگە لە دژایەتی و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمن؟ هەموو دوژمنان هێندەی گرۆپێکی ئێوە تا ئێستا دەستیان بە خوێنی کورد سور نەبووە، ئێستا چۆن باسی کوردایەتی دەکەن؟ ئێوە نە دەنگتان بە بەڵێ دا لە ریفراندۆم، نە باوەرتان بە سەربەخۆیی هەیە، نە رێزی ئاڵای کوردستانیش دەگرن.
بەداخەوە ئەرکی میدیا لە جیاتی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری، بەشێکە لە بەلارێدابردنی کۆمەڵگا بەرەو نەزانی و دواکەوتوویی. پێویستە میدیا بگەرێتەوە سەر رێرەوی سەرەکی خۆی، چۆن لە هونەری تەکتیک و تەکنیک رکابەری میدیاییە جیهانییەکان دەکەین، ئاواش لە ناوەرۆکیش رکابەری ئەوان بکەین. نە خەونی گەورەو ناوەرۆک پووچ بکەینە بیروخەیاڵی خەڵک، نە رق و رەشبینی و بێ هیوایی لە دڵی خەڵکی بچینین. تۆش وەک تاکێک مەبە بەشێک لەو قەرەباڵغییە، پەلە مەکە لە بڕیاردان، هەندێ رووداو پێویستی بە کاتە تا بزانرێ هۆکارو کاریگەرییەکانی ئەو رووداوە چییە. ئەو سەردانەی بارزانیش لایەنی کەم پێویستی بە سێ بۆ چوار مانگە تا کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنیەکانی دەرکەوێت. چاوەرێ دەکەین بزانین سەردانەکە بۆ وەرگرتنی پۆست بووە بۆ حزبەکەی (وەک دژەکانی باسی دەکەن) یان چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و سیاسییەکان، رەنگدانەوەی ئەو سەردانە بەسەر کەرکووکەوە چی دەبێت؟ ئەوکات بڕیاردان هەم ئاسانترو هەم تەندروستترو راستترە.
- نوێنەری رۆژئارتیکڵ لە هەولێر