رۆژ نییە دوو بۆ سێ هەواڵی کوشتن نەبیستین لە تیڤی و ناوەندەکانی هەواڵ. کوشن بە جۆرێ زیادی کردووە لە حاڵەت و دیاردە تێپەری کردووە و بۆتە کولتور. بەڵام ئەوەی جێگای داخە تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار مێش مێوانی نییە. ئەوەندەی لە خەمی روونکردنەوەن بۆ رای گشتی لە خەمی کۆتایی هاتن بەو هەموو تاوانی کوشتنە نین. داواکاری گشتی تا ئێستاکە زۆربەی کەیسەکانی کوشتنی یەکلایی نەکردۆتەوە، لە جیاتی چەسپاندنی یاسا، رێی سولحی ھۆزەكەیان نیشاند دەدات. هۆکاری سەرەکی ئەو کوشتن و برینانە سولحی ھۆزەكییە. بکوژ لە سزای زیندان ناترسێ. زۆر زۆر بە سێ چوار دەفتەر دۆلار دەربازی دەبێت لە سزای زیندانیکردن. ئەو بۆشیاییە گەورەیەش دادوەرەکان لێی بەرپرسن. کە ناتوانن بە رۆڵی خۆیان هەڵسن. پێویستە سەپاندنی یاسا بە زۆر بکرێت هیچ دەرفەت و هیوایەک نەمێنێتەوە هەر چ کەس تۆرە بێت کەسێک بکوژێت.
گەر ئێمە بە نیازی دەوڵەتداری بین، دەوڵەت بە سەپاندنی یاسا دروست دەبێت. گەر هەرێمێکی خاوەن سەروەری یاسا بین دەتوانین دەوڵەتێکی بەهێزو سەروەربین. کێشەیکی تری ئەو تاوانانە دو ئیدارەییە. بکوژ لە زۆنێک کەسێ دەکوژێ زۆنەکیەتر داڵدەی دەدات. لە هیچ وڵاتێکی دنیادا شتی وا بوونی نییە دوو هێزی پۆلیس، دوو هێزی ئاسایش و دوو هێزی پێشمەرگە هەبێت. نەک هەماهەنگیشیان نەبێت. بگرە دوژمنی سەرسەختی یەکتریشن بە ناراستەوخۆ. ئەوەش دەگەرێتەوە سەر ئەوەی ئێمە هێشتا لە قۆناغی خێلەکین نەوەک دەوڵەتداری و شارستانی. پێویستە هەر کەس تاوانێکی ئەنجامدا گەر خاوەن هەقیش لێی خۆشبێت، دەوڵەت لێی خۆشنەبیت. راستە کوژراو کەسی چەند کەسانێکە، بەڵام لە کۆتاییدا هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە. پێویستە لایەنی دادوەری و دەوڵەت لە هەقی رۆڵەکانی خۆش نەبێت. گەرچی خاوەن هەق بە بڕە پارەیەک رازیش کرابێت، دەبێت بکوژ لانی کەم (15) پازدە ساڵ بێ ژماردنی رۆژ و شەو لە زینداندا بێت. هەم سزای تاوانەکەی وەرگرێت. هەمیش کە هاتە دەر لە زیندان کرابێت بە کەسێکی باش و بە سود بۆ کۆمەڵگاکەی.
ئێستاش تێنەگەشتم کەسوکاری کوژراو لە خوێنی خۆیان چۆن خۆشدەبن، چۆن دەتوانن خوێنی کوڕ، برا یان باوکیان بخۆن؟ ئەی دەوڵەت تا ئێستا چی کردووە بەرامبەر کوشتنی رۆڵەیەکی خۆی؟ هەموومان دەپرسین پلان چییە بۆ ئەو هەموو کوشت و کوشتارە، تاکەی گوێمان بەو هەموو هەواڵی کوشتنە کاس بێت، کەی کوشتنی مرۆڤمان لەلا نامۆ دەکەن، چارەسەری چیتان لایە بۆ ئەو هەموو بە لێشاو تاوانە؟ لە کۆتاییدا دەڵێم” یاسا منداڵ نییە بە تاتی تاتی بەسەرپێ بکەوێ، یاسا پێویستە بە زەبڕی شەق پێ بگرێ، کە پێی گرت ئینجا تاتی تاتی پێ بکەن.”
- نوونەرێ رۆژئارتیکڵ ل هەولێر