هەر لایەنێک پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا دروستبکات دەیدۆڕێنێت

ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە، پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەلایەن حکومەت و دەستەڵاتدارەکانی عێراق، زامنی بەهێزی و مانەوەیان دەکات. چونکە عێراق کە پشکی بەریتانیا بوە لە میراتی دەوڵەتی عوسمانی و ئەمریکاش خۆی بە خاوەنی ئەو پشکە دەوڵەمەند بەنەوتە دەزانێت. بەتایبەتیش لەئێستادا کە ئەمریکا بە تەنها خۆی وەک جەمسەرە هەرە مەزندکدی دونیا دەبینێت.

لەگەڵ دروستکردنی عێراق و دۆزینەوەی نەوت، بەرژەوەندی ئەمریکاش دەستی پێکردووە و هەموو کارێکیش بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە کردووە و دەکات. لە سەرەتاکانی گرتنەدەسی دەستەڵاتی عێراق، صەدام حسێن “دیکتاتۆر” بیری لەوە کردەوە نەوت خۆماڵی بکات و لە چنگ کۆمپانیا ئەمریکی، بەریتانی و فەرەنسیەکانی دەربکات. کە بەشی هەرە زۆری داهاتەکەی بۆ خۆیان دەبرد. بۆ ئەو مەبەستە پەنای بردە بەر ڕوسیا و کۆمپانیاکانی تری لە عێراق کردە دەرەوە.

پێش دەرکردنی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە، هیچ لایەکیان نە بەئاشکرا، نەبە نهێنی، نە بەڕاستەوخۆ و نە بەناراستەوخۆ دەستێوەردانیان لە کاروباری عێراق نەکردبوو، سەرەڕای ئەوەی باش دەیانزانی لەسەردەمی دوەمی دەستەڵاتی حزبی بەعس، عێراق لە چ توندوتیژیەکی دژواردا بوو. بەڵام لە دوای ئەو ڕێکەوتنە ئەمریکا کاری بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی صەددام و ڕژێمەکەی کرد و تا بەردەم پەتی سێدارەیان ڕاپێچ کرد.

لە مێژوی نزیکیشدا ڕووداوێکی لەو چەشنەمان هەیە. ئەمجارەیان لە کوردستان و بەشێوەیەکی جێاوازتر. بە تەماشاکردنی گۆڕانکاریە خێراو پێچەوانەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردی عێراق دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بە عاقاری صەدام و بەعسدا براون. بەڵام بەشێوە و بارودۆخێکی تر. لە شوباتی ۲٠۱۷ لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لەڕوسیا، حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای ڕوسنەفت ڕێکەوتنێکیان واژۆکرد، بەمەبەستی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان و، دەرهێنانی ۷٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. هەروەها بەرزکردنەوەی ئەو بڕەیە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە کۆتایی ۲٠۱۷ و چەندان خاڵی تر.

ئەم ڕێککەوتنەی کورد لەگەڵ ڕوسیا و زلهێزترین کۆمپانیای ڕوسی خۆکوشتنێکی ئاشکرابوو بۆ کورد. چونکە ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی لەمێژینەی ئەمریکای داوە کە هەزاران قوربانی و بەهەزاران ملیار دۆلاری بۆ خەرج کردبوو. جگە لەوەش ئەو وڵاتەی ناچارکرد بە پەیوەندیەکانیدا بچێتەوە لەگەڵ هەولێر. ئەم ڕێککەوتنە جگە لێدان بوو لە بەرژەوەندی ئەمریکا ڕاستەوخۆ دژایەتیەکی توندی ئەو وڵاتەش بوو. چونکە لەگەڵ ڕوسیادا لە ململانێیەکی توندان و هەر یەکەیان شەڕی بەهێزی نفوز و دەستەڵات دەکات.

ئەمەشمان لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بینی، کە زۆر بەتوندی دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی دەربڕی. هەر وەک کوردستان بە چەند هەفتەیەک لەپاش ئەنجامدانی کەوتە بەردەم چەندین مەترسی و پێگەی بەهێزی لەدەستدا. ئەمریکا بەئاشکرا گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق هەڵکرد تا بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە پێشوتر لێی بووە. ئەوەبوو بینیمان کورد لەکەمتر لە ۲٤ کاتژمێردا لەسەدا ٥۱ ی ناوچەکانی ژێردەستی لەدەستدا و پاشەکشەی کرد.

لەلایەکی تریشەوە سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا. ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمیش بەفەرمی لەدادگای فیدراڵی هەڵوەشێنرایەوە و حکومەتی کوردستانیش دانی بەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نا. بەمەش کورد دوچاری سزای ئەمریکا بوویەوە لەپای ئەنجامدانی ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسنەفت و لێدان لەبەرژەوەندیەکانی ئەمریکا.

ئەوەی جێگای هەڵوەستەکردنە و پێمخۆشە بەڕاشکاوی بیڵێم کە پارتی دیموکرات دووبارە لە هەڵبژاردنی سەرۆکۆماریش باجی ئەوەی داو کاندیدەکەیان بۆ سەرکۆماری سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. ئەمەی سەرەوە دەمانگەیەنێت بەو دەرئەنجامەی لەعێراق هەر لایەک پشتی ڕوسیا بگرێت و ڕێکەوتنی لەگەڵ بکات بە دژایەتی ئەمریکا دادەنێت، ولە ململانێیەدا دەیدۆڕێنێت. چونکە دواجار بڕیاردەری سەرەکی و خاوەن هەژمۆن لەعێراقدا ئەمریکایە.

پرسیارێک لێرەدا سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە کە ڕوسنەفت بەردەوامە لە کارکردن لە کوردستان و بەدوای نەوتدا دەگەڕێت، ئایا بەو هۆیەوە ئەمریکا گەڕێکی تری سزاکانی بەسەر کورددا دەسەپێنێت؟؟ یان بەهۆی دەستگرتنەوەی بەسەر نەوتی کەرکووکدا، واز لە کوردستان و ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕوسنەفت دەهێنێت؟!

  • قوتابیی رۆژنامەڤانی ئەلەکترۆنی.

(گووتار دەربڕینا بۆچوونا نڤیسکارانە، نەیا سایت و گووتارنامەیا رۆژئارتیکڵ)

Related posts

Leave a Comment