ئاکام ئاکرەیی- هەولێر
یاریی (PUBG) یەکێکە لە بەناوبانگترین یارییەکان لە ئێستادا. یاریەکە پێکهاتووە لە گۆرەپانی شەڕ لەنێوان سەد کەس ئەکرێ .ئەم یارییە ئێستا زۆر بەناوبانگە و لە ساڵی 2017دا دەرچووە. دامەزرێنەری یارییەکەش ناوی بێرنارد گرینە. سەرەتا ئەم یارییە بەمۆبایل بەکار نەدەهێنرا. بەڵام ئێستا بۆ سیستەمەکانی ئەندرۆید و مۆبایلی زیرەک بەکاردێت.
هەڵبەتە باسکردنی یارییە ئەلیکترۆنیەکان لە جیهانی تەکنەلۆجیا نوێدا، باسێکی نوێ نیە. بەڵام ده رکەوتنی بەشێوەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگای کوردیدا شتێکی تازەیە. ئەم یارییە چەند باس و خواستێک هەڵدەگرێ ئەگەر بێتو بە نموونە ئەم بێنینەوە، کە ناوی (PUBG) دەبینین ئێستا قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، و له هەمو شوێنێک دەیبینی و دەیبیستی کە باس باسی ئەم یاریەیە.
ئەم یارییە بێجگە لەوەی یارییەکی ئەلیکترۆنییە، لەهەمان کاتدا یارییەکی شەرانگێزە. هەڵبه تە گەورە و بچووک ئەم یارییە دەکەن. چونکە بەدەستهێنانی ئەم یارییە لەرێگەی ئەنتەرنێتەوە بێ بەرامبەرە، واتە بە فری دەتوانی دایبەزێنی و داونلۆدی بکەی. ئەمەش رێگا خۆشکەرە کە زۆرترین کەس بتوانن بەکاری بێنن و دایبەزێنن لە مۆبایلەکانیان.
دەتوانین بڵێین بەرێژەیکی بەرچاو ئێستا بەکارهێنەرانی ئەم یارییە لە کوردستان زیادیکردوە و لە زیادبوونیش دایە. بوونی ئەم یارییە لە ئێستادا کاریگەری ئێجگار خراپی لێکەوتۆتەوە. چونکە بەشێوەیەک مرۆڤ ئالودەی خۆی دەکا ناتوانێ دەستبەرداری بێت و زۆرترین کاتەکانی بەم یارییەوە دەباتە سەر.
ئەم یارییە یەکێک لە کاریگەریە خراپەکانی لەسەر تاک بە نموونەش ئەگەر بێتو چینێکی بەکارهێنەری ئەم یارییە وەربگرین، ئەویش چینی قوتابییە. دەبینین زۆرترین کاتەکانیان بەم یارییەوە دەبەنە سەر، دوادەکەون لە خوێندن و ئاستی زانستیان دوادەکەوێ.
لێرەدا کاریگەریەکی خراپی جێهێشت لەسەر چینێکی گرینگی کۆمەڵگا کە ئەویش نەوەی دوارۆژن. بێجگە لەمە ئەم یارییە کاریگەری خستۆتە سەر تاکەکانی تری کۆمەڵگە کە گرفتی زۆری لێکەوتۆتەوە. بۆ نموونە ئه وانەی لەکاتی کارکردن ئەم یارییە دەکەن کە وا لە کەسەکە دەکات کارەکەی بەباشی نەکات و خراپ بەسەر کارەکەیدا بشکێتەوە و کاری خەڵک رادەوەستێت. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ ئەم یارییە به کارهێنانی چ زیانێکی هەیە کە لە هەمان کاتدا کەسی بەکارهێنەری ئەم یاریە هەستی پێناکات.
ئەوەی من هەستم پێکردوە و بینیومە، کاریگەری خستۆتەر سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیش بەهۆی سەرقالبوونی زۆرێک لە خەڵکی بەم یارییەوە، وا لە تاکەکان دەکات دوورکەونەوە لە پەیوەندییە راستەوخۆیە کۆمەڵایەتیەکان. سەرقالبوون بەم یارییەوە وەک نەخۆشییەکی لێهاتوە کە بڵاوبۆتەوە بەجەستەی کۆمەڵگەوە و بۆتە هۆی دروستبوونی گرفتی خێزانیش، کە لێرەو لەوێ باسی جیابوونەوەی هاوسەرگیریش دەکرێ لەسەر ئەم یارییە.
بەم شێوەیە دەبینی کە ئەم یارییە بەکارهێنانی لە کۆمەڵگەی کوردیدا چەندە گرفت لە دوایی خۆیدا دەهێنێ. بێجگە لەمەش هەلبەتە ئەگەر باسێکی گرینگتری ئەم یارییە بکەین کە ئەویش پێکهاتەی یارییەکەیە، هەموو پێکهاتووە لە چەک و کوشتنی کەسان و بردنەوەی ئەم یارییە لەسەر ئەوەیە کە زۆرترین کەس بکوژی. واتە ئامانجی یارییەکە بڵاوکردنەوەی شەڕانگێزییە و دژی ئاشتیە.
ئەوەی لێرەدا زیاتر دەمەوێ ئاماژەی پێبکەم بەکارهێنانی ئەم یارییەیە لای منالان. کە ئەمەش یەکێکە لە کاریگەرییە هەرە خراپەکانی کە لە دوایی خۆیی بەجێدێڵێت. چونکە وا لە منال دەکات جۆری چەکەکان بناسێ. خەڵک بکوژێ لەنێو یارییەکەدا وای لێدەکا حەزی بەشەڕ بێ.
لێرەدا مناڵەکە لە روویی دەروونییەوە تووشی شڵەژانی دەروونی دەبێت و فێری کوشتن و کوشتاری دەبێت. ئەمەش ئێجگاری خراپە بۆ داهاتووی منداڵەکە. داهاتوی مناڵەکە بەهۆی ئەم یارییەوە بەرەو ئاقارێکی نادیار دەروات. هەڵبەتە لە کۆمەڵگای کوردیشدا هەموو شتێک بە شێوازێکی چاولێکەری بڵاودەبێتەوە. نموونەی ئەم یارییەش و بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبونەوەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە بۆ لایەنی چاولێکەری بەکارهێنەرانی ئەم یارییه، وە ئاسان بەدەستهێنانی یارییەکە وە دابەزاندنی لە مۆبایلە زیرەکەکان.
لێرەدا لەسەر هەموو تاکێک پێویستە تاپێی بکرێ هۆشیار بێت بەرامبەر ئەم یارییە و دووری بخاتەوە لەمناڵەکانی. چاودێری قوتابیەکانی بکات لە ماڵەوە بەکاری نەهێنن تا ئاڵۆدەی نەبن و دوا نەکەون لە خوێندنیان. لەسەر حکومەتیش پێویستە سانسۆر بخاتە سەر ئەم جۆرە یاریانە تا نەتوانن دایبەزێنن. هەوڵی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە یارییانە بدات کە کاریگەری خراپ دەخاتە سەر تاک بە تاکی کۆمەڵگە و کۆمەڵگە و تاکەکانی بەرەو ئاقارێکی خراپ و نادیار دەبات.